عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- تۆمار و بەرخە سەربڕدراوەکە
- 1
- لەلای ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکەوە تۆمارێکم بینی لەسەر هەردوو ڕووی نووسرا بوو، بە حەوت مۆریش مۆر کرابوو.
- 2
- هەروەها فریشتەیەکی بەهێزم بینی بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد: «کێ شایستەی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و مۆرەکانی بشکێنێت؟»
- 3
- کەس نەبوو، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەوی و نە لەژێر زەوی بتوانێت تۆمارەکە بکاتەوە یاخود تەماشای بکات.
- 4
- دەستم بە گریانێکی زۆر کرد، چونکە کەس شایستەی ئەوە نەبوو تۆمارەکە بکاتەوە یان تەماشای ناوەوەی بکات.
- 5
- یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگریێ، ئەوەتا ئەو شێرەی لە هۆزی یەهودایە و لە ڕەگی داودە[a] سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تۆمارەکە دەکاتەوە و حەوت مۆرەکەی دەشکێنێت.»
- 6
- ئینجا لە ناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو، چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون. بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون.
- 7
- هات و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت.
- 8
- کاتێک تۆمارەکەی وەرگرت، چوار بوونەوەرەکە و بیست و چوار پیرەکە کەوتنە بەردەم بەرخەکە، هەریەکەیان قیسارە و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئەوەش نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودایە،
- 9
- سروودێکی نوێشیان دەگوت:
«تۆ شایستەی ئەوەی تۆمارەکە ببەیت و
مۆرەکانی بکەیتەوە،
چونکە تۆ سەربڕایت و بە خوێنی خۆت خەڵکت بۆ خودا کڕییەوە،
لە هەموو هۆز و زمان و گەل و نەتەوەیەک. - 10
- ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و
فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.» - 11
- ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان، ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو،
- 12
- بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت:
«بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی
توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و
ڕێز و شکۆ و ستایشە!» - 13
- هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، بیستم دەیانگوت:
«با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا،
بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و
بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە!» - 14
- چوار بوونەوەرەکەش دەیانگوت: «ئامین»، پیرەکانیش کەوتن و کڕنۆشیان برد.
- a. 5:5 بڕوانە ڕۆما 15:12.