عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ژن و ئەژدیها
- 1
- نیشانەیەکی گەورەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئافرەتێک خۆری پۆشیبوو، مانگ لەژێر پێیدا و تاجێکی دوازدە ئەستێرەیی لەسەر سەری بوو،
- 2
- سکی هەبوو، ئازاری هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد.
- 3
- نیشانەیەکی دیکەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور، حەوت سەر و دە شاخی هەبوو، حەوت تاج لەسەر سەرەکانی بوون.
- 4
- کلکیشی سێیەکی ئەستێرەی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدانە سەر زەوی. ئەژدیهاکە لەبەردەم ئەو ئافرەتەی کە منداڵی دەبوو وەستابوو، بۆ ئەوەی هەرکە منداڵەکە لەدایکبوو بیخوات.
- 5
- ئیتر منداڵێکی نێرینەی بوو، ئەوەی لە داهاتوودا بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. بەڵام منداڵەکەی بۆ لای خودا و تەختەکەی ڕفێنرا.
- 6
- ئافرەتەکەش بەرەو چۆڵەوانی ڕایکرد، لەوێدا شوێنێکی هەیە لەلایەن خوداوە ئامادە کراوە، تاکو لەوێ هەزار و دوو سەد و شەست[a] ڕۆژ بەخێو بکرێت.
- 7
- پاشان لە ئاسماندا بووە شەڕ. میکائیل و فریشتەکانی لە دژی ئەژدیهاکە جەنگان، ئەژدیهاکە و فریشتەکانیشی دژی ئەوان،
- 8
- بەڵام ئەژدیهاکە بەهێز نەبوو، شوێنیان لە ئاسماندا نەما.
- 9
- ئەژدیهایە گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، مارە دێرینەکە کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت، ئەوەی هەموو جیهان گومڕا دەکات، فریشتەکانیشی لەگەڵیدا فڕێدرانە سەر زەوی.
- 10
- جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو:
«ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و
دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە،
چونکە سکاڵاکار لە خوشک و براکانمان،
ئەوەی کە شەو و ڕۆژ لەبەردەم خوداماندا سکاڵای لێیان دەکرد،
فڕێدرایە خوارەوە. - 11
- ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و
بەو شایەتییەی کە دایان، بەسەریدا سەرکەوتن،
ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد. - 12
- بۆیە ئەی ئاسمان و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆش بن!
بەڵام قوڕبەسەر زەوی و دەریا،
چونکە ئیبلیس بۆتان دابەزیوە!
تووڕەییەکی گەورەی پێیە،
چونکە دەزانێت کاتێکی کورتی هەیە.» - 13
- کاتێک ئەژدیهاکە خۆی بینی فڕێدراوەتە سەر زەوی، ئافرەتەکەی ڕاونا کە کوڕەکەی لێ ببوو.
- 14
- ئافرەتەکە هەردوو باڵی هەڵۆیەکی گەورەی پێدرا تاکو بۆ چۆڵەوانی و شوێنی خۆی بفڕێت و لەوێدا بۆ ماوەی چل و دوو مانگ دوور لە مارەکە بەخێو بکرێت.
- 15
- مارەکەش لە دەمیەوە ئاوێکی وەک ڕووباری بەدوای ئافرەتەکەدا فڕێدا بۆ ئەوەی ئاو بیبات.
- 16
- زەوی یارمەتی ئافرەتەکەی دا، زەوی دەمی کردەوە و ئەو ڕووبارەی قووت دا کە ئەژدیهاکە لە دەمیەوە فڕێیدا.
- 17
- ئەژدیهاکە لە ئافرەتەکە تووڕە بوو، چوو لەگەڵ نەوەکانی دیکەی بجەنگێت، ئەوانەی ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا.
- a. 12:6 دەکاتە چل و دوو مانگ یان سێ ساڵ و نیو. بڕوانە 11:2 و 12:14.