عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- یەزدان پاشایەتی دەکات،
با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
با زەوی بهەژێت. - 2
- یەزدان مەزنە لە سییۆن،
بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە. - 3
- با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
ئەو پیرۆزە. - 4
- پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە. - 5
- یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
ئەو پیرۆزە. - 6
- موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
ئەویش وەڵامی دانەوە، - 7
- بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان. - 8
- ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
خودایەکی لێبوردە بوویت،
هەرچەندە تۆ لەسەر کردەوەکانیان تۆڵەت لێ سەندنەوە. - 9
- یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
لە چیای پیرۆزی ئەو کڕنۆش ببەن،
چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.