عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت،
دوورگە زۆرەکان شادمان بن. - 2
- هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،
ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە. - 3
- ئاگر لەپێشیەوە،
دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت. - 4
- بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،
زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی. - 5
- چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،
لەبەردەم پەروەردگاری هەموو جیهان. - 6
- ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی. - 7
- ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.
ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن. - 8
- سییۆن بیستی و شادمان بوو،
کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،
بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان، - 9
- چونکە لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی،
تۆ لە هەموو خوداوەندەکان پایەبەرزتری. - 10
- با دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری ببێتەوە،
لەبەر ئەوەی گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت و
لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات. - 11
- ڕووناکی لەسەر ڕاستودروستان دەدرەوشێتەوە و
شادییش بۆ دڵڕاستەکان. - 12
- ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.