عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- نوێژێکی داود.
- 1
- ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە،
من هەژار و نەدارم. - 2
- ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم،
تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە،
ئەوەی پشتی پێت بەستووە. - 3
- ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە،
بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم. - 4
- گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە،
ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە. - 5
- ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت،
پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن. - 6
- ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
گوێ لە پاڕانەوەم بگرە. - 7
- لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
چونکە بە هاوارمەوە دێیت. - 8
- ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟
کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟ - 9
- ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون،
دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و
ناوت شکۆدار دەکەن، - 10
- چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە،
هەر تەنها تۆ خودایت. - 11
- ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم،
دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت. - 12
- ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم، - 13
- چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من،
گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد. - 14
- ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون،
تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن،
تۆ لەبەرچاو ناگرن. - 15
- بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت،
پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیی. - 16
- ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و
کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە. - 17
- نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،
بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،
ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.