عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
با هەرگیز شەرمەزار نەبم، - 2
- بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە. - 3
- بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت. - 4
- ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە. - 5
- ئەی یەزدانی باڵادەستم، تۆ هیوای منیت،
لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت. - 6
- لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە. - 7
- بووم بە پەند لەلای زۆر کەس،
بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت. - 8
- دەمم پڕە لە ستایشی تۆ،
لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ. - 9
- لە کاتی پیری فڕێممەدە،
کە هێزم لەبەر نەما وازم لێ مەهێنە، - 10
- چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن،
ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن. - 11
- دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە،
ڕاوی بنێن و بیگرن،
چونکە دەربازکەری نییە.» - 12
- خودایە، لێم دوور مەکەوە،
ئەی خودای من، زوو بگە فریام. - 13
- با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن،
با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن،
ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت. - 14
- بەڵام من هەمیشە هیوادارم،
هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم. - 15
- دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات،
بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات،
هەرچەندە پێوانەکەی نازانم. - 16
- دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم،
تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد. - 17
- خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم،
هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم. - 18
- خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم،
وازم لێ مەهێنە،
هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم،
هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن. - 19
- خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە،
کردارەکانت زۆر مەزنن.
ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟ - 20
- تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام،
بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە،
لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە. - 21
- مەزنێتیم زیاتر دەکەیت،
دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت. - 22
- ئەی خودای من،
لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم،
ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم. - 23
- لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن،
کە گۆرانیت بۆ دەڵێم،
هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە. - 24
- زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات،
چونکە شەرمەزار و سووک بوون،
ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.