عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بەگوێرەی ئاسکی بەرەبەیان. زەبوورێکی داود.
- 1
- خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟
بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟ - 2
- ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە،
بە شەویش ئارامیم نییە. - 3
- لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت،
لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت. - 4
- باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست،
پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن. - 5
- هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن،
پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون. - 6
- بەڵام من سەگم[a] نەک مرۆڤ،
مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک. - 7
- هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن،
توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن: - 8
- «پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات.
با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە.» - 9
- بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام،
کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم. - 10
- من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم،
لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی. - 11
- لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و
کەس نییە یارمەتیم بدات. - 12
- گای زۆر دەوریان داوم،
گایە بەهێزەکانی باشان[b] ئابڵوقەیان داوم. - 13
- وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ،
ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە. - 14
- وەک ئاو ڕژام،
هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە.
دڵم بووە بە مۆم،
لە ناخمدا تواوەتەوە. - 15
- هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە،
زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە،
منت خستە ناو خاکی مەرگ. - 16
- سەگ دەوریان داوم،
تاقمێک بەدکار ئابڵوقەیان داوم،
دەست و پێیان کون کردووم. - 17
- هەموو ئێسقانەکانم دەژمێرم،
ئەمانە تەماشام دەکەن و سەرنجیان لەسەرمە. - 18
- جلوبەرگەکەم لەنێو خۆیان بەش دەکەن،
تیروپشک لەسەر کراسەکەم دەکەن. - 19
- بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لێم دوور مەبە،
ئەی هێزی من، زوو بگە فریام. - 20
- ژیانم لە شمشێر دەرباز بکە،
ژیانی بەهادارم لە چنگی سەگ. - 21
- لە دەمی شێر ڕزگارم بکە،
لە قۆچی گای کێوی، دەربازم بکە. - 22
- ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم،
لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم. - 23
- ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن!
ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن!
ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن! - 24
- لەبەر ئەوەی بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات،
ڕووی لێ وەرناگێڕێت،
بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت. - 25
- لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
نەزرەکانم[c] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە. - 26
- هەژارەکان دەخۆن[d] و تێر دەبن،
ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت. - 27
- سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن، - 28
- چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. - 29
- هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە. - 30
- نەوەکان دەیپەرستن،
باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت. - 31
- ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
چونکە ئەم کارەی[e] کردووە.
- a. 22:6 عیبری: کرمێک.
- b. 22:12 شوێنێک بووە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون و لەوەڕگایەکی بەناوبانگ بووە بۆ گا.
- c. 22:25 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک، کارەکە پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەوە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدرێت کە پێیەوە پابەند کراوە. بڕوانە سەرژمێری 2:21.
- d. 22:26 لەدوای بەجێهێنانی نەزر قوربانی هاوبەشی دەکرێت و هەژاران لەو قوربانییە دەخۆن.
- e. 22:31 مەبەستی لە کارەکانی خودایە لەناو ئەم دەقە.