عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- هەلیلویا!
چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان!
ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە! - 2
- یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە،
ڕاپێچکراوەکانی[a] ئیسرائیل کۆدەکاتەوە. - 3
- دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و
برینیان ساڕێژ دەکات. - 4
- ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و
هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات. - 5
- پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە،
تێگەیشتنی بێ سنوورە. - 6
- یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و
بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە. - 7
- بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن. - 8
- ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت،
باران بۆ زەوی ئامادە دەکات،
گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت، - 9
- خۆراکی ئاژەڵ و
بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات. - 10
- یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت،
بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە، - 11
- بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە. - 12
- ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە،
ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە. - 13
- یەزدان شمشیرەی[b] دەروازەکانت بەهێز دەکات،
کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات. - 14
- لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات،
لە باشترین گەنم تێرت دەکات. - 15
- فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت،
پەیامی ئەو زوو دێتەجێ. - 16
- بەفر وەک خوری دەبارێنێت،
زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە. - 17
- تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا.
کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟ - 18
- پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە.
بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت. - 19
- پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت،
فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل. - 20
- ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.
هەلیلویا!
- a. 147:2 ڕاپێچکراوەکان بۆ بابل.
- b. 147:13 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.