عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- زەبوورێکی داود.
- 1
- ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام!
گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم. - 2
- با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت پەسەند بێت،
دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت. - 3
- ئەی یەزدان، پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم،
دەرگای لێوەکانم بپارێزە. - 4
- وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت،
نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم،
لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن؛
با لە شتە خۆشەکانی ئەوان نەخۆم. - 5
- با پیاوچاک لێم بدات، ئەمە خۆشەویستییە،
با سەرزەنشتم بکات، ئەمە وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە،
سەرم لاری نییە،
چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە. - 6
- ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ،
ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە. - 7
- وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی،
ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن. - 8
- بەڵام چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار،
پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت. - 9
- بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە،
لە تەڵەی بەدکاران. - 10
- با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە،
لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.