عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت. - 2
- بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
«کوا، خودایان لەکوێیە؟» - 3
- خودامان لە ئاسمانە،
هەرچی حەز بکات، دەیکات. - 4
- بتەکانیان زێڕ و زیون،
دەستکردی مرۆڤن. - 5
- دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
چاویان هەیە، بەڵام نابینن، - 6
- گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن، - 7
- دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە. - 8
- دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن. - 9
- ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. - 10
- ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. - 11
- ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. - 12
- یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت. - 13
- بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
گەورە و بچووکیش. - 14
- با یەزدان هەر زیادتان بکات،
ئێوە و منداڵەکانتان. - 15
- با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
دروستکەری ئاسمان و زەوی. - 16
- ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە. - 17
- نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی، - 18
- بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
هەلیلویا!