عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- بەدکار بێ ئەوەی کەس ڕاوی بنێت هەڵدێت،
بەڵام ڕاستودروست وەک بەچکە شێر چاونەترسە. - 2
- کە یاخیبوون لە خاکێک هەبێت میری زۆر دەبێت،
بەڵام فەرمانڕەوایەکی تێگەیشتوو و زانا نیشتیمان بەرقەرار دەکات. - 3
- ئەو سەرکردەیەی هەژاران بچەوسێنێتەوە،
وەک بارانێکی بەخوڕە هیچ خۆراکێک ناهێڵێتەوە. - 4
- ئەوانەی واز لە تەورات[a] دەهێنن ستایشی بەدکار دەکەن،
بەڵام پارێزەرانی تەورات دژایەتییان دەکەن. - 5
- پیاوخراپان لە دادپەروەری تێناگەن،
بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن تەواو تێدەگەن. - 6
- باشترە هەژار ڕێگای تەواوەتی گرتبێت،
لە دەوڵەمەند کە ڕێگاکان خواردەکاتەوە. - 7
- ئەوەی تەورات بپارێزێت کوڕێکی تێگەیشتووە،
بەڵام هاوڕێی دەستبڵاوان باوکی خۆی ڕیسوا دەکات. - 8
- ئەوەی بە سوو و بازاڕگرانکردن سامانی خۆی زۆر بکات،
بۆ یەکێکی کۆدەکاتەوە کە بەزەیی بە نەداران دێتەوە. - 9
- ئەوەی گوێی دابخات لە بیستنی فێرکردنەکەم،
تەنانەت نوێژەکەشی قێزەونە. - 10
- ئەوەی سەرڕاستان بەرەو ڕێگای خراپە ببات،
دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە خۆی هەڵیکەندووە،
بەڵام ئەوانەی کە بێ کەموکوڕین میراتی باشیان بەردەکەوێت. - 11
- دەوڵەمەند لەبەرچاوی خۆی دانایە،
بەڵام هەژاری تێگەیشتوو دەیپشکنێت. - 12
- لە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شانازییەکی گەورە هەیە،
بەڵام لە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە. - 13
- ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت،
بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت. - 14
- خۆزگە دەخوازرێ بە کەسێک بەردەوام لە یەزدان بترسێت،
بەڵام ئەوەی دڵی خۆی ڕەق بکات دەکەوێتە خراپەوە. - 15
- وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ و ورچێکی هەڵچووە،
فەرمانڕەوای بەدکار بەسەر گەلی نەدارەوە. - 16
- فەرمانڕەوای ناتێگەیشتوو زۆرداری زۆر دەکات،
بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەستکەوتی ناڕەوا بێت تەمەن درێژ دەبێت. - 17
- ئەوەی خوێنی کەسێکی لە مل بێت
هەتا ڕۆژی مردنی هەڵاتوو دەبێت.
با کەس پشتیوانی نەکات. - 18
- ئەوەی بە ڕێگای تەواویدا بڕوات ڕزگار دەبێت،
بەڵام ئەوەی ڕێگاکانی خوار بکات لەپڕ دەکەوێت. - 19
- ئەوەی ئیش لە زەوی خۆیدا بکات تێر نان دەبێت،
بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێر هەژاری دەبێت. - 20
- کەسی دڵسۆز بەرەکەتی زۆرە،
بەڵام ئەوەی بە پەلە بێت بۆ دەوڵەمەندی بێ سزا نابێت. - 21
- لایەنگری باش نییە،
بەڵام مرۆڤ بۆ لەتە نانێک گوناه دەکات. - 22
- کەسی بەرچاوتەنگ بە پەلەیە بۆ دەوڵەمەندی،
بەڵام نازانێت نەبوونی بۆ دێت. - 23
- ئەوەی کەسێک سەرزەنشت بکات لە کۆتاییدا پەسەندتر دەبێت
لەوەی زمانلووسی دەکات. - 24
- ئەوەی دایک و باوکی تاڵان بکات و
بڵێت: «ئەمە گوناه نییە!»
ئەو کەسە هاوبەشی کاولکارانە. - 25
- چاوبرسی ناکۆکی دەوروژێنێت،
بەڵام ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن سەرکەوتوو دەبن. - 26
- ئەوەی پشت بە بیرکردنەوەی خۆی ببەستێت گێلە،
بەڵام ئەوەی بە ڕێگای داناییدا بڕوات دەرباز دەبێت. - 27
- ئەوەی بە هەژار ببەخشێت نەبوون نابێت،
بەڵام ئەوەی ڕووی لێ وەرگێڕێت نەفرەتی زۆر دەبێت. - 28
- بە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە،
بەڵام بە لەناوچوونیان ڕاستودروستان سەردەکەون.
- a. 28:4 فێرکردن.