عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- پەندەکانی دیکەی سلێمان
- 1
- ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە:
- 2
- شکۆمەندیی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە،
شکۆمەندیی پاشایانیش لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە. - 3
- هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە،
دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت. - 4
- خڵت لە زیو داماڵە،
ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت. - 5
- بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە،
بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت. - 6
- لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە،
لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە. - 7
- وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،»
نەک لەلای میر تەریق بیتەوە.
ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت، - 8
- خێرا مەیبە بۆ دادگا،
چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت
ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟ - 9
- کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت،
نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە، - 10
- نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات،
جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە. - 11
- سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە،
ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت. - 12
- وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە،
سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر. - 13
- وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا،
نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن،
دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە. - 14
- هەور و بای بێ بارانە،
ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت. - 15
- بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت،
زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت. - 16
- ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ،
ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە. - 17
- بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ،
ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە. - 18
- وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە،
ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات. - 19
- وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە،
پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا. - 20
- وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا،
یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا،[a]
چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ. - 21
- ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە،
ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. - 22
- بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت،[b]
یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە. - 23
- بای باکوور باران دەهێنێت،
زمانی پاشملەش ڕووی گرژ. - 24
- باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی. - 25
- وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت،
هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور. - 26
- وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە،
ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات. - 27
- زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە،
ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات. - 28
- وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە،
ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت.
- a. 25:20 لە تێکەڵکردنی سرکە و سۆدەدا کارلێکی کیمیایی ڕوودەدات، هەڵدەچێت و ئۆکسجینی لێ دەردەچێت.
- b. 25:22 بەم کارە شەرمەزار دەبێت و پەشیمانی دەکەیتەوە.