عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- کەسی دوورەپەرێز دوای ئارەزووی خۆی کەوتووە،
بە ڕووی هەموو داناییەکی تەواودا دەتەقێتەوە. - 2
- گێل خۆشی لە تێگەیشتن نابینێت،
بەڵکو بە پەخشکردنی ئەوەی لە دڵیدایە. - 3
- بە هاتنی خراپەکار سووکایەتیش دێت،
لەگەڵ شەرمەزاریش ڕیسوایی. - 4
- قسەی دەمی مرۆڤ ئاوێکی قووڵە،
بەڵام سەرچاوەی دانایی کانیاوێکی هەڵقوڵاوە. - 5
- نە لایەنگری خراپەکار باشە،
نە بێبەشکردنی ڕاستودروست لە دادپەروەری. - 6
- لێوەکانی کەسی گێل دەیهێننە ناو ناکۆکییەوە،
دەمی بانگی لێدان دەکات. - 7
- دەمی گێل دەبێتە هۆی لەناوچوونی،
لێوەکانیشی تەڵەن بۆ گیانی. - 8
- قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە،
شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ. - 9
- ئەوەی سست بێت لە کارەکەی
برای وەستای وێرانکردنە. - 10
- ناوی یەزدان قوللەیەکی بەهێزە،
کەسی ڕاستودروست بۆ ئەوێ ڕادەکات و پەناگیر دەبێت. - 11
- سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،
وەک شوورایەکی بڵندە بە خەیاڵی ئەو. - 12
- پێش شکستهێنان دڵی مرۆڤ بەفیزە،
بەڵام پێش ڕێزلێنان بێفیزە. - 13
- ئەوەی وەڵامی شتێک بداتەوە پێش بیستنی
دەبێتە مایەی گێلایەتی و شەرمەزاری بۆی. - 14
- ڕۆحی مرۆڤ بەرگەی نەخۆشی دەگرێت،
بەڵام ڕۆحی تێکشکاو کێ بەرگەی دەگرێت؟ - 15
- دڵی پیاوی تێگەیشتوو زانیاری وەردەگرێت،
گوێی دانایانیش داوای زانینی لێ دەکات. - 16
- دیاری مرۆڤ ڕێگای خۆش دەکات و
بەرەو ئامادەبوونی گەورە پیاوانی دەبات. - 17
- ئەوەی یەکەم جار سکاڵا بکات لەوە دەچێت ڕاست بێت،
هەتا نزیکەکەی دێت و لێی دەکۆڵێتەوە. - 18
- تیروپشک ناکۆکی دەبڕێنێتەوە و
بەهێزەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە. - 19
- خراپە دەرهەق بە برا، ئاشتکردنەوەی لە شاری قەڵابەند سەختترە،
ناکۆکیش وەک شمشیرەی[a] دەروازەی قەڵایە. - 20
- لە بەروبوومی دەمی مرۆڤ سکی تێردەبێت،
لە دروێنەی لێوەکانی خۆی تێر دەخوات. - 21
- مردن و ژیان بە دەست زمانە،
ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات. - 22
- ئەوەی ژنێکی دەست بکەوێت خێرێکی دەست دەکەوێت،
ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت. - 23
- هەژار بۆ بەزەیی دەپاڕێتەوە،
بەڵام دەوڵەمەند بە ڕەقی وەڵام دەداتەوە. - 24
- پیاو برادەری زۆر بێت خۆی گرفتار دەکات،
بەڵام دۆستێک هەیە لە برا نزیکترە.
- a. 18:19 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.