عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- پلانەکانی دڵ هی مرۆڤە،
بەڵام وەڵامدانەوەی زمان لە یەزدانەوەیە. - 2
- هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی بێگەردن،
بەڵام یەزدان پاڵنەرەکان هەڵدەسەنگێنێت. - 3
- کارەکانت بە یەزدان بسپێرە،
پلانەکانت جێگیر دەبێت. - 4
- یەزدان بۆ مەبەستی خۆی هەموو شتێکی دروستکردووە،
تەنانەت بەدکاریش بۆ ڕۆژی بەڵا. - 5
- یەزدان قێزی لە هەموو دڵ بەفیزێکە،
بێگومان سزادانی لەسەر تێناپەڕێت. - 6
- بە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی کەفارەت[a] بۆ تاوان دەکرێت،
بە لەخواترسیش دوورکەوتنەوە لە خراپە. - 7
- ئەگەر ڕەفتاری مرۆڤ مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت،
وا دەکات تەنانەت دوژمنەکانیشی لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە. - 8
- باشترە کەمت هەبێت بە ڕاستودروستییەوە
لەوەی داهاتێکی زۆری بە ناڕەوا. - 9
- دڵی مرۆڤ پلان بۆ ڕێگای خۆی دادەنێت،
بەڵام یەزدان هەنگاوەکانی ئاراستە دەکات. - 10
- قسەی پاشا وەک سروشە[b] ،
دەبێ لە دادوەریدا دەمی ناپاکی نەکات. - 11
- قەپان و تەرازووی دادپەروەر لە یەزدانەوەیە،
هەموو کێشێکی ناو کیسە کاری ئەوە. - 12
- قێزی پاشایان لە خراپەکردنە،
چونکە بە ڕاستودروستی تەخت دەچەسپێت. - 13
- ڕەزامەندی پاشایان لێوی ڕاستودروستە،
کەسی ڕاستگۆیان خۆشدەوێت. - 14
- تووڕەیی پاشا وەک فریشتەی مەرگە،
بەڵام کەسی دانا هێمنی دەکاتەوە. - 15
- ڕووناکی ڕووی پاشا ژیانی تێدایە،
ڕەزامەندیشی وەک هەورە بارانی بەهارە. - 16
- دەستکەوتنی دانایی چەند لە زێڕ باشترە،
دەستکەوتنی تێگەیشتنیش لە زیو پەسەندترە. - 17
- ڕێگای سەرڕاستان دوورکەوتنەوەیە لە خراپە،
ئەوەی ڕێگای خۆی بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت. - 18
- لەپێش شکان لووتبەرزییە،
لەپێش ڕووخانیش ڕۆحزلییە. - 19
- باشترە بێفیز بیت و لەگەڵ ستەملێکراوان بیت،
لە دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ لووتبەرزان. - 20
- ئەوەی بایەخ بە ئامۆژگاری بدات چاکەی دەست دەکەوێت،
ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت خۆزگەی پێ دەخوازرێت. - 21
- ئەوەی لە دڵدا دانا بێت پێی دەگوترێت تێگەیشتوو،
شیرینی لێوەکانیش فێربوون زیاد دەکات. - 22
- وریایی سەرچاوەی ژیانە بۆ خاوەنەکەی،
بەڵام گێلەکان بە گێلایەتی خۆیان سزا دەدرێن. - 23
- دڵی کەسی دانا ڕێنمایی دەمی دەکات و
بەسەر لێوان فێربوون زیاد دەکات. - 24
- قسەی جوان شانەی هەنگوینە،
بۆ دەروون شیرینە و بۆ ئێسک چاکبوونەوەیە. - 25
- ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،
بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە. - 26
- نەوسی کرێکار بۆ خۆی ڕەنج دەدات،
برسیێتییەکەی پاڵی پێوەدەنێت. - 27
- کەسی دڵڕەش کای کۆن بە با دەکات[c] و
لەسەر لێوەکانیشی ئاگری کڵپەدارن. - 28
- کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و
دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە. - 29
- کەسی توندڕەو دراوسێی خۆی تەفرە دەدات و
بە ڕێگایەکدا دەیبات کە باش نییە. - 30
- ئەوەی چاو دەقوچێنێت پیلان بۆ درۆ دادەڕێژێت،
ئەوەی لێوی دەکرۆژێت خراپە بە ئەنجام دەگەیەنێت. - 31
- ڕیش سپیێتی تاجی شانازییە،
لە ڕێگای ڕاستودروستییەوە دەستدەکەوێت. - 32
- ئەوەی درەنگ تووڕە بێت لە پاڵەوان باشترە،
ئەوەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت باشترە لەوەی شارێک دەگرێت. - 33
- تیروپشک هەڵدەدرێتە کۆش،
بەڵام هەموو بڕیارێکی لەلایەن یەزدانەوەیە.
- a. 16:6 ئەم قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.
- b. 16:10 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
- c. 16:27 عیبری: هەڵکەندنی خراپە.