عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت،
گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات. - 2
- ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە،
بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات. - 3
- گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت،
بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزن. - 4
- کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە،
دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە. - 5
- شایەتی دەستپاک درۆ ناکات،
بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە. - 6
- گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە،
بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە. - 7
- لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە،
چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت. - 8
- دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی،
بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە. - 9
- گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن،
بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە. - 10
- هەر دڵێک تاڵیێتی گیانی خۆی دەزانێت،
کەسیش لە خۆشییەکەیدا بەشداری ناکات. - 11
- ماڵی بەدکارەکان کاول دەبێت،
بەڵام ڕەشماڵی سەرڕاستان گەشە دەکات. - 12
- ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،
بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە. - 13
- بگرە لە پێکەنینیشدا دڵ تەنگ دەبێت،
لەوانەیە کۆتایی خۆشیش خەم بێت. - 14
- کەسی ڕاڕا لە ڕێگای خۆی تێر دەبێت،
پیاوچاکیش لەوەی کە هەیەتی. - 15
- ساویلکە بە هەموو قسەیەک بڕوا دەکات،
بەڵام ژیر دەڕوانێتە هەنگاوەکانی خۆی. - 16
- کەسی دانا لە خودا دەترسێت و لە خراپە لادەدات،
بەڵام گێل سەرگەرمە و پشت ئەستوورە. - 17
- کەسی هەڵەشە ڕەفتاری گێلانە دەکات،
پیاوی تەڵەکەبازیش مایەی ڕقە. - 18
- ساویلکەکان میراتگری گێلایەتین،
بەڵام ژیرەکان سەریان بە زانیاری دەڕازێنرێتەوە. - 19
- بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە،
خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست. - 20
- هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە،
بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە. - 21
- ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات،
بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە. - 22
- ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن. - 23
- لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە،
بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە. - 24
- دەوڵەمەندی تاجی دانایانە،
بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە. - 25
- شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە،
بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە. - 26
- ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە،
بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا. - 27
- لەخواترسی کانی ژیانە،
بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن. - 28
- زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا،
بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە. - 29
- ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات،
بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات. - 30
- دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت،
بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات. - 31
- ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،
بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت. - 32
- خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت،
بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە. - 33
- دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە،
هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت. - 34
- ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە،
بەڵام گوناه شەرمەزاری گەلانە. - 35
- ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە،
بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.