عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت،
بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت. - 2
- مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات،
ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە. - 3
- ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت،
بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت. - 4
- گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت،
بەڵام گیانی تێکۆشەر سەرکەوتوو دەبێت. - 5
- کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە،
بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت. - 6
- ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە،
خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات. - 7
- هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە،
هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە. - 8
- لەوانەیە مرۆڤ بە سامانەکەی گیانی خۆی بکڕێتەوە،
بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت. - 9
- ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە،
بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە. - 10
- لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت،
بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی. - 11
- ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت، کەم دەکات،
بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە، زیاد دەکات. - 12
- ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات،
ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە. - 13
- ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە[a] بکات خۆی لەناودەبات،
بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە. - 14
- فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە،
بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن. - 15
- تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت،
بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە. - 16
- هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات،
بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە. - 17
- نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە،
پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت. - 18
- هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن،
بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت. - 19
- ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان،
بەڵام گێل وا دەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە. - 20
- ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا،
هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێدەگات. - 21
- خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت،
بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە. - 22
- پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی[b] بەجێدەهێڵێت،
سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت. - 23
- لەوانەیە زەویی بەیاری[c] هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت،
بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت. - 24
- ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی،
بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات. - 25
- کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت،
بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت.
- a. 13:13 مەبەستی لە فێرکردنی تەوراتی موسایە.
- b. 13:22 عیبری، کوڕی کوڕ.
- c. 13:23 زەوی نەکێڵدراو و ئامادە بۆ کێڵان.