عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئەوەی حەز لە تەمبێکردن بکات حەز لە زانیاری دەکات،
بەڵام ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشت بێت دەبەنگە. - 2
- پیاوچاک ڕەزامەندی یەزدان بەدەستدەهێنێت،
بەڵام کەسی تەڵەکەباز تاوانبار دەکرێت. - 3
- مرۆڤ بە بەدکاری ناچەسپێت،
ڕیشەی ڕاستودروستانیش نالەقێت. - 4
- ئافرەتی خانەدان تاجی سەری مێردەکەیەتی،
بەڵام ئافرەتی شەرمەزار وەک کلۆرییە لەناو ئێسقانەکانی. - 5
- پلانی ڕاستودروستان دادپەروەرییە،
بەڵام ڕاوێژی بەدکاران هەڵخەڵەتێنەرە. - 6
- قسەی بەدکاران بۆسەی خوێنڕشتنە،
دەمی سەرڕاستان فریایان دەکەوێت. - 7
- بەدکاران وەردەگەڕێنەوە و نامێنن،
بەڵام ماڵی ڕاستودروستان دەچەسپێت. - 8
- مرۆڤ بەپێی وریاییەکەی ستایش دەکرێت،
بەڵام ئەوەی دڵخراپە ڕیسوا دەبێت. - 9
- باشترە ساکار بیت و خزمەتکارت هەبێت
لەوەی خۆت گەورە دەربخەیت بەڵام نانت نەبێت. - 10
- کەسی ڕاستودروست بایەخ بە ئاژەڵەکەی دەدات،
بەڵام بەزەیی بەدکاران دڵڕەقییە. - 11
- ئەوەی ئیش لە زەوی خۆیدا بکات، تێر نان دەبێت،
بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت، تێنەگەیشتووە. - 12
- بەدکار حەز لە قازانجی خراپەکاران دەکات،
ڕیشەی ڕاستودروستان بەروبووم دەدات. - 13
- خراپەکار دەکەوێتە تەڵەی زمانە یاخییەکەی،
بەڵام کەسی ڕاستودروست لە تەنگانە دەرباز دەبێت. - 14
- مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی تێر چاکە دەبێت،
پاداشتی ماندووبوونی دەستەکانی وەردەگرێتەوە. - 15
- ڕێگای گێل لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
بەڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییە. - 16
- گێل دەستبەجێ تووڕەیی دەردەبڕێت،
بەڵام داپۆشەری سووکایەتی ژیرە. - 17
- ئەو شایەتەی کە بە ڕاستگۆیی دەدوێت، ڕاستودروستی ڕادەگەیەنێت،
بەڵام شایەتی ناڕاست درۆ دەکات. - 18
- قسەی هەڵەشانە وەک زەبری شمشێرە،
بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە[a] . - 19
- لێوی ڕاستگۆ هەتاهەتایە دەچەسپێت،
بەڵام زمانی درۆ هەتا چاوتروکانێکە. - 20
- ساختە لە دڵی ئەوانەیە کە پیلانی خراپە دەنێنەوە،
بەڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژکارانی ئاشتییە. - 21
- کەسی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییەک نابێت،
بەڵام بەدکاران پڕ دەبن لە خراپە. - 22
- قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە،
بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون. - 23
- مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت،
دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت. - 24
- دەستی تێکۆشەر فەرمانڕەوایەتی دەکات،
بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاریدا دەبێت. - 25
- نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە،
بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات. - 26
- کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی،
بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات. - 27
- مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت،
بەڵام مرۆڤی تێکۆشەر نرخی سامانەکەی دەدات. - 28
- لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە،
ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.
- a. 12:18 چاکبوونەوەیە لە برین و ئازار.