عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- چەند شارۆچکەیەک بۆ لێڤییەکان
- 1
- ئینجا یەزدان لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا بە موسای فەرموو:
- 2
- «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە، با لە موڵکی میراتیان چەند شارۆچکەیەک بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگاش لە چواردەوری شارۆچکەکان بە لێڤییەکان بدەن.
- 3
- ئینجا شارۆچکەکان بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێت و لەوەڕگاکانیش بۆ گاوگۆتاڵ و هەموو مەڕوماڵاتێکی دیکەیان دەبێت.
- 4
- «ئەو لەوەڕگایانەش کە دەیدەنە لێڤییەکان، لە شوورای شارۆچکەکانەوە بەلای دەرەوە، هەزار باڵ[a] بە چواردەوریدا دەبێت.
- 5
- لە دەرەوەی شار بەلای ڕۆژهەڵاتدا دوو هەزار باڵ[b] دەژمێرن، بەلای باشووردا دوو هەزار باڵ، بەلای ڕۆژئاوادا دوو هەزار باڵ، بەلای باکووردا دوو هەزار باڵ و شارۆچکەکەش لە ناوەڕاست دەبێت. ئەمە دەبێتە لەوەڕگای شارۆچکەکان بۆیان.
- شارەکانی پەناگا
- 6
- «شەش لەو شارۆچکانەش کە بە لێڤییەکانی دەدەن دەبنە شاری پەناگا، بۆ ئەوەی هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت. سەرباری ئەمانەش چل و دوو شارۆچکەی دیکە دەدەنە لێڤییەکان.
- 7
- هەموو ئەو شارۆچکانەی دەیاندەنە لێڤییەکان، چل و هەشت شارۆچکەن بە لەوەڕگاکانیانەوە.
- 8
- ئەو شارۆچکانەش کە لە موڵکی نەوەی ئیسرائیل دەیدەنە لێڤییەکان، هەریەکە بەگوێرەی میراتی هەر هۆزێک. لەو هۆزانەی کە شارۆچکەیان زۆرە، زۆر وەردەگرن و لەو هۆزانەش کە کەمە، کەم وەردەگرن.»
- 9
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 10
- «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ خاکی کەنعان،
- 11
- چەند شارۆچکەیەک بۆ خۆتان دەستنیشان دەکەن و دەبنە شاری پەناگا، تاکو ئەو کەسەی کە بەبێ ئەنقەست کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.
- 12
- ئەو شارانە بۆتان دەبنە پەناگا لە دەست خوێنگر، بۆ ئەوەی تۆمەتبارکراو بە کوشتن، نەکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن دەوەستێت بۆ دادوەری.
- 13
- ئەو شەش شارۆچکانەش کە ئێوە دەیدەن دەبنە شاری پەناگا بۆتان.
- 14
- سێ لە شارۆچکەکان لەوبەری ڕووباری ئوردون دەدەن و سێ شارۆچکەش لە خاکی کەنعان دەدەن، دەبنە شاری پەناگا،
- 15
- بۆ نەوەی ئیسرائیل و نامۆ و ئەوەی لەنێویاندا نیشتەجێیە. ئەم شەش شارە بۆ پەناگا دەبن، هەتا هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.
- 16
- «”ئەگەر یەکێک بە ئامرازێکی ئاسن لە کەسێکی دا و مرد، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.
- 17
- ئەگەر کەسێک بەردێکی بە دەستەوە بوو کە بکوژێت و بەو بەردە لە کەسێکی دا و مرد، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.
- 18
- یان ئەگەر کەسێک هەر شتێکی لە دار دروستکراوی بە دەستەوە بوو کە بکوژێت، لە کەسێکی دیکەی دا، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.
- 19
- خوێنگرەکە[c] بکوژ دەکوژێت، هەر کاتێک تووشی بێت دەیکوژێتەوە.
- 20
- یان ئەگەر کەسێک بە ڕقەوە پاڵی بە کەسێکی دیکەوە نا یان بە ئەنقەست شتێکی بۆ هاویشت و مرد،
- 21
- یان ئەگەر بە دوژمنایەتییەوە بە مستەکۆڵە لێیدا و مرد، ئەوا دەستدرێژیکەر دەبێت بکوژرێتەوە، چونکە بکوژە، خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە هەر کاتێک تووشی بکوژ بێت دەیکوژێتەوە.
- 22
- «”بەڵام ئەگەر کەسێک لەناکاو پاڵی بە کەسێکی دیکەوە نا بەبێ دوژمنایەتی یان بەبێ ئەنقەست شتێکی بۆ هاویشت،
- 23
- یان بێ ئەوەی بیبینێت، بەردێکی گەورەی بەسەریدا بەردایەوە و مرد، ئەگەر چی دوژمنیشی نییە و خراپەی ئەوی ناوێت،
- 24
- ئەوا ئەنجومەن بەگوێرەی ئەم یاسایانە دادوەری لەنێوان تۆمەتبارکراوەکە و خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە دەکات.
- 25
- ئەنجومەن فریای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت لە دەست خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شارەی پەناگا کە بۆی هەڵاتبوو. لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سەرۆکی کاهین دەمرێت کە بە زەیتی پیرۆز دەستنیشان کراوە.
- 26
- «”بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکراوەکە لە سنووری شاری پەناگای کە بۆی هەڵاتووە، چووە دەرەوە و
- 27
- خوێنگری تۆڵەسێنەر ئەوی لە دەرەوەی سنووری شاری پەناگا بینییەوە و خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە تۆمەتبارکراوەکەی کوشت، ئەوا مافی تاوانبارکردنی خوێنی نییە،
- 28
- چونکە دەبێت هەتا مردنی سەرۆکی کاهین ئەو کەسە لە شاری پەناگا بێت، بەڵام لەدوای مردنی سەرۆکی کاهین، دەگەڕێتەوە موڵکەکەی خۆی.
- 29
- «”ئەمە بۆتان دەبێتە فەرزێکی یاسایی بۆ نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان.
- 30
- «”هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا لەسەر دەمی چەند شایەتێک بە بکوژ دادەنرێت و دەبێت بکوژرێتەوە، یەک شایەت بەس نییە بۆ شایەتیدان لەسەر کەسێک بۆ مردن.
- 31
- «”خوێنبایی وەرمەگرە بۆ بکوژێک کە شایانی سزای مردنە، بەڵکو دەبێت بکوژرێتەوە.
- 32
- «”هەروەها خوێنبایی وەرمەگرن بۆ ئەو کەسەی بۆ شاری پەناگا هەڵبێت، تاوەکو پێش مردنی سەرۆکی کاهین بگەڕێتەوە و لە زەوی خۆی نیشتەجێ بێت.
- 33
- «”ئەو خاکەی ئێوە تێیدان گڵاوی مەکەن، چونکە خوێن خاک گڵاو دەکات، هیچ شتێک کەفارەتی ئەو خوێنە ناکات کە لە خاکەکە ڕژاوە، تەنها خوێنی خوێنڕێژەکە نەبێت.
- 34
- کەواتە ئەو خاکەی کە ئێوە تێیدا نیشتەجێن و من لە ناوەڕاستیدا نیشتەجێم گڵاوی مەکەن، چونکە من کە یەزدانم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێم.“»
- a. 35:4 هەزار باڵ: نزیکەی 450 مەتر.
- b. 35:5 دوو هەزار باڵ: نزیکەی 900 مەتر.
- c. 35:19 خوێنگر: خوێنخوا، نزیکترین پلەی کۆمەڵایەتی کە مافی هەیە داوای تۆڵەی خوێنی بکات.