عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- هۆزەکانی ئەوبەری ڕووباری ئوردون
- 1
- بەڵام نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد گاوگۆتاڵی زۆریان هەبوو، کاتێک بینییان خاکی یەعزێر و خاکی گلعاد شوێنی مەڕوماڵاتە،
- 2
- ئیتر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن هاتن و بە موسا و ئەلعازاری کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵیان گوت:
- 3
- «عەتەرۆت و دیڤۆن و یەعزێر و نیمرا و حەشبۆن و ئەلعالێ و سەڤام و نیبۆ و بەعۆن،
- 4
- ئەو خاکەی یەزدان لەبەردەم کۆمەڵی ئیسرائیل بەزاندی، ئەوە خاکی مەڕوماڵاتە و خزمەتکارەکانیشت مەڕوماڵاتیان هەیە.»
- 5
- هەروەها گوتیان: «ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندین، با ئەو خاکە بدرێت بە خزمەتکارەکانت و ببێت بە موڵکمان و لە ڕووباری ئوردون مەمانپەڕێنەوە.»
- 6
- موساش بە نەوەی گاد و ڕەئوبێنی گوت: «ئایا دەبێت براکانتان بۆ جەنگ بڕۆن و ئێوەش لێرە دانیشن؟
- 7
- بۆچی دڵی نەوەی ئیسرائیل سارد دەکەنەوە لە پەڕینەوەیان بۆ ئەو خاکەی یەزدان پێیداون؟
- 8
- باوکانتان ئاوایان کرد کاتێک لە قادێش بەرنێعەوە ئەوانم نارد بۆ ئەوەی تەماشای خاکەکە بکەن،
- 9
- بە دۆڵی ئەشکۆلدا سەرکەوتن و تەماشای خاکەکەیان کرد و دڵی نەوەی ئیسرائیلیان سارد کردەوە لە چوونە ناو ئەو خاکەی یەزدان پێیداون.
- 10
- لەو ڕۆژەدا تووڕەیی یەزدان جۆشا و سوێندی خوارد و فەرمووی:
- 11
- ”ئەو خەڵکەی کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، ناچنە ناو ئەو خاکەی سوێندم لەسەری خوارد بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوام نەکەوتن،
- 12
- تەنها کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی و یەشوعی کوڕی نون نەبێت، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوای یەزدان کەوتن.“
- 13
- تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و چل ساڵ لە چۆڵەوانی وێڵی کردن، هەتا هەموو ئەو نەوەیە لەناوچوون کە لەبەرچاوی یەزدان خراپەیان کرد.
- 14
- «ئەوەتا ئێوەش لە جیاتی باوکانتان هەستاون، کۆمەڵە خەڵکێکی گوناهبارن، تاکو کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکەن.
- 15
- ئەگەر لێی هەڵگەڕێنەوە، ئەوا دیسان لەم چۆڵەوانییە وازیان لێ دەهێنێت، ئیتر دەبنە هۆی لەناوچوونی هەموو ئەم گەلە.»
- 16
- ئەوانیش لێی هاتنە پێش و گوتیان: «لێرە پشتیر[a] بۆ ماڵاتەکانمان و چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانمان بنیاد دەنێین،
- 17
- بەڵام خۆمان چەک هەڵدەگرین و بە خێرایی پێش نەوەی ئیسرائیل دەکەوین هەتا دەیانبەینە شوێنەکەیان. هەروەها ژن و منداڵەکانیشمان لەبەر دانیشتووانی ئەم خاکە لە شاری قەڵابەند دەبن.
- 18
- ناگەڕێینەوە ماڵەکانمان هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە میراتگری میراتەکەی خۆی نەبێت،
- 19
- ئێمە لە پشتی ڕووباری ئوردون و بەو لاوە میراتمان لەگەڵیان نابێت، چونکە میراتی خۆمان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت.»
- 20
- موساش پێی گوتن: «ئەگەر ئەمەتان کرد، ئەگەر لەبەردەم یەزدان چەکتان بۆ جەنگ هەڵگرت و
- 21
- هەموو چەکدارەکانتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، هەتا هەموو دوژمنەکانی لەبەردەمی خۆی دەرکرد و
- 22
- خاکەکە لەبەردەم یەزدان ژێردەستە کرا و لەدوای ئەمە گەڕانەوە، ئەوا سەبارەت بە یەزدان و بە ئیسرائیل ئازاد دەبن لە پابەندییەکەتان و لەبەردەم یەزدان ئەم خاکە دەبێتە موڵکتان.
- 23
- «بەڵام ئەگەر وا نەکەن، ئەوا گوناه لە دژی یەزدان دەکەن و باش دەزانن کە گوناهەکەتان چیتان بەسەردەهێنێت.
- 24
- بۆ خۆتان چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانتان و پشتیر بۆ ماڵاتەکانتان بنیاد بنێن، ئەوەی بەڵێنتان دا بیکەن.»
- 25
- نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن بە موسایان گوت: «خزمەتکارەکانت ئاوا دەکەن، وەک گەورەم فەرمانی دا،
- 26
- ژن و منداڵ و گاوگۆتاڵەکانمان لەوێ لە شارەکانی گلعاد دەبن.
- 27
- بەڵام خزمەتکارەکانت، هەموو چەک هەڵگرەکان لەبەردەم یەزدان بۆ جەنگ دەپەڕنەوە، وەک گەورەمان گوتی.»
- 28
- موساش لەبارەی ئەوانەوە فەرمانی بە ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کرد و
- 29
- پێی گوتن: «ئەگەر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن، هەموو چەک هەڵگرەکان بۆ جەنگ، لەبەردەم یەزدان لەگەڵتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک خاکەکە کەوتە ژێر دەستتان، ئەوا دەبێت خاکی گلعادیان وەک موڵک پێبدەن.
- 30
- بەڵام ئەگەر بە چەکەوە لەگەڵتان نەپەڕینەوە، ئەوا لەنێوتان لە خاکی کەنعان موڵکیان دەبێت.»
- 31
- نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «ئەوەی یەزدان سەبارەت بە خزمەتکارەکانت فەرمووی، ئاوا دەکەین.
- 32
- ئێمە بە چەکەوە لەبەردەم یەزدان بۆ خاکی کەنعان دەپەڕینەوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەشە میراتمان دەدرێتێ.»
- 33
- ئینجا موسا پاشایەتییەکەی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و پاشایەتییەکەی عۆگی پاشای باشان، تەواوی خاکەکە لەگەڵ شارەکانی و بە سنوورەکانی دەوروبەریەوە دایە نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەی[b] کوڕی یوسف.
- 34
- نەوەی گاد دیڤۆن و عەتەرۆت، عەرۆعێر،
- 35
- عەترۆت شۆفان، یەعزێر، یۆگبەها،
- 36
- بێتنیمرا و بێتهارانیان کردە شاری قەڵابەند، پشتیری مەڕیشیان بنیاد نا،
- 37
- نەوەی ڕەئوبێنیش حەشبۆن و ئەلعالێ و قیریاتەیم و
- 38
- نیبۆ و بەعلمەعۆن کە ناوەکەیان گۆڕیوە و هەروەها سیڤما، ناویشیان لەو شارانە نا کە بنیادیان ناوە.
- 39
- نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشەش چوونە گلعاد و گرتیان، ئەو ئەمۆرییانەیان دەرکرد کە تێیدا بوون.
- 40
- ئینجا موساش گلعادی دا بە ماکیرییەکان، کە نەوەی مەنەشەن، ئەوانیش تێیدا نیشتەجێ بوون.
- 41
- یائیری نەوەی مەنەشەش چوو و دەستی بەسەر ئاوەدانییەکانیاندا گرت و ناوی لێنان حەڤۆت یائیر.
- 42
- نۆڤەحیش چوو و دەستی بەسەر قەنات و ئاوەدانییەکانیدا گرت و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا نۆڤەح.
- a. 32:16 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.
- b. 32:33 هۆزی مەنەشە دابەش ببوون بۆ سەر دوو بەش، هەریەکەیان کەوتبووە لایەکی ڕووباری ئوردون.