عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- نەزرکردن
- 1
- هەروەها موسا بە سەرۆک هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێی کردووە،
- 2
- ئەگەر پیاوێک نەزرێکی بۆ یەزدان کرد یان سوێندی خوارد بۆ پابەندبوون بە شتێک، با قسەی خۆی نەشکێنێت و بەگوێرەی هەموو ئەوەی گوتوویەتی ئاوا بکات.
- 3
- «بەڵام ئافرەت ئەگەر نەزرێکی بۆ یەزدان کرد و بە شتێک خۆی پابەند کرد، لە ماڵی باوکی، لە کاتی کچێنی و
- 4
- باوکی گوێی لە نەزرەکەی و ئەو شتە بوو کە خۆی پێ پابەند کردووە، ئەگەر خۆی لێ بێدەنگ کرد، ئەوا هەموو نەزرەکانی و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت.
- 5
- بەڵام ئەگەر باوکی لە ڕۆژی بیستنی نەیهێشت، ئەوا هەموو نەزر و ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە ناچەسپێت، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت، چونکە باوکی نەیهێشتووە.
- 6
- «ئەگەر شووی کرد دوای ئەوەی نەزرێکی کرد یان شتێکی بە دەمدا هات کە خۆی پێ پابەند دەکات و
- 7
- مێردەکەی بیستی و لە ڕۆژی بیستنەکەی بێدەنگ بوو، ئەوا نەزرەکانی دەچەسپێت و ئەو شتانەش کە خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت.
- 8
- بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە کاتی بیستنی ئەوەدا ڕێگەی نەدا، ئەوا نەزرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، هەروەها ئەو شتەش بەتاڵ دەبێتەوە کە بە دەمیدا هاتووە و خۆی پێ پابەند کردبوو، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت.
- 9
- «بەڵام نەزری بێوەژن یان تەڵاقدراو، ئەوا هەموو ئەوەی خۆی پێ پابەند دەکات لەسەری دەچەسپێت.
- 10
- «بەڵام ئەگەر ژنێک لە ماڵی مێردی نەزری کرد و خۆی بە سوێند بە شتێکەوە پابەند کرد،
- 11
- مێردەکەی بیستی و بێدەنگ بوو، ڕێی لێ نەگرت، ئەوا هەموو نەزرەکانی دەچەسپێن و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت.
- 12
- بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە ڕۆژی بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا هەرچی گوتوویەتی لە نەزر و پابەندبوونەکانی ناچەسپێن، چونکە مێردەکەی بەتاڵی کردووەتەوە، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت.
- 13
- هەموو نەزرێک و هەموو سوێندێکی پابەندبوون بۆ زەلیلکردنی گیان، مێردەکەی دەیچەسپێنێت و مێردەکەی بەتاڵی دەکاتەوە.
- 14
- ئەگەر مێردەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێی بێدەنگ بوو، ئەوا هەموو نەزرەکانی یان هەموو ئەو پابەندبوونانەی لەسەریەتی دەچەسپێن، چەسپاندوویەتی چونکە لەو ڕۆژەی بیستوویەتی لێی بێدەنگ بوو،
- 15
- جا ئەگەر لەدوای بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو.»
- 16
- ئەمە ئەو فەرزانەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد لەنێوان مێرد و ژنەکەی و لەنێوان باوک و کچەکەی لە کاتی کچێنیدا لە ماڵی باوکی.