عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- پێشکەشکراوەکانی دیکە
- 1
- یەزدان بە موسای فەرموو:
- 2
- «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ناو خاکی نیشتەجێبوونتان کە من پێتانی دەدەم و
- 3
- قوربانی بە ئاگرتان بۆ یەزدان کرد لە گا یان بەران، جا قوربانی سووتاندن یان قوربانی سەربڕاو بۆ بەجێهێنانی نەزرێکی تایبەت یان بەخشینی ئازاد[a] یان لە جەژنەکانتان بۆ ئەو بۆنەی کە یەزدان پێی خۆشە،
- 4
- ئەوەی قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش کرد، پێشکەشکراوی دانەوێڵەش لە باشترین ئارد دەیەکی ئێفەیەک شێلراو بە چارەکە هەینێک لە زەیت پێشکەش دەکات.
- 5
- شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو چارەکە هەینێک ئامادە بکە، لەسەر قوربانی سووتاندنەکە یان قوربانییە سەربڕدراوەکە بۆ یەک بەرخ.
- 6
- «”بەڵام لەگەڵ بەران، پێشکەشکراوی دانەوێڵە لە باشترین ئارد دوو دەیەکی ئێفەیەک[b] شێلراو بە سێیەکی هەینێک[c] لە زەیت دەکەیت و
- 7
- شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو سێیەکی هەینێک، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە پێشکەش دەکرێت.
- 8
- «”ئەگەر جوانەگایەکت کردە قوربانی سووتاندن یان قوربانی سەربڕاو بۆ بەجێهێنانی نەزر یان قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان،
- 9
- ئەوا لەگەڵ جوانەگاکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە سێ دەیەکی ئێفەیەک[d] لە باشترین ئاردی شێلراو بە نیو هەین[e] زەیت پێشکەش دەکەیت و
- 10
- نیو هەین شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
- 11
- ئاوا بۆ گایەک یان بەرانێک یان بەرخ یان کارەبزن دەکرێت،
- 12
- ئاوا دەکەن بەگوێرەی ژمارەیان، بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەیان.
- 13
- «”هەر هاوڵاتییەک بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە ئاوا دەکات.
- 14
- ئەگەر نامۆیەک لەنێوتان نیشتەجێ بوو، یان هەرکەسێکی دیکە لەنێوتان نیشتەجێیە، نەوە دوای نەوە ویستی قوربانی بە ئاگر بکات، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دەبێت وەک ئێوە بیکات.
- 15
- کۆمەڵ بۆ ئێوە و بۆ ئەو نامۆیەی لەنێوتاندا بژیێت، یەک فەرزی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە. نامۆکەش وەک ئێوە دەبێت لەبەردەم یەزدان،
- 16
- یەک فێرکردن و یەک یاسا دەبێت بۆ ئێوە و بۆ ئەو نامۆیەی لەنێوتاندا دەژیێت.“»
- 17
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 18
- «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک چوونە ناو ئەو خاکەی کە من ئێوەی بۆ دەبەم،
- 19
- جا کاتێک لە نانی خاکەکە دەخۆن ئەوا پێشکەشکراو بۆ یەزدان دەبەخشن.
- 20
- لە یەکەم ئاردی هاڕاوتان کولێرەیەک دەکەنە پیتاک وەک پێشکەشکراوی جۆخین[f] دەیبەخشن.
- 21
- نەوە لەدوای نەوە لە یەکەم ئاردی هاڕاوتان بەخشین بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن.
- پێشکەشکراوەکان بۆ گوناهکردنی بێ ئەنقەست
- 22
- «”ئەگەر بەبێ ئەنقەست[g] هەموو ئەم فەرمانانەتان بەجێنەهێنا کە یەزدان بە موسای سپارد،
- 23
- هەموو ئەوەی یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردوون، لەو ڕۆژەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردووە و بەردەوام نەوە دوای نەوە،
- 24
- ئەگەر بەبێ ئەنقەست و بێ بوونی زانیاری کۆمەڵ ئەمە ئەنجام درا، ئەوا بەپێی فەرزەکان هەموو کۆمەڵ جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو دەکەنە قوربانی سووتاندن، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، لەگەڵ گیسکێکی نێرینە وەک قوربانی گوناه.
- 25
- جا کاهین کەفارەت بۆ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت، چونکە بەبێ ئەنقەست بووە. جا ئەگەر قوربانییەکەیان وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان هێنا و قوربانییەکەی گوناهیان بۆ بەردەم یەزدان هێنا لەبەر بێئاگاییەکەیان،
- 26
- ئەوا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، چونکە هەموو گەل بەبێ ئەنقەست تێوەگلاون.
- 27
- «”ئەگەر یەک کەس بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، ئەوا بزنێکی یەک ساڵە پێشکەش دەکات وەک قوربانی گوناه.
- 28
- کاهین لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە بێئاگا بوو کاتێک گوناهی بەبێ ئەنقەست کرد، کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
- 29
- بۆ هاوڵاتی لە نەوەی ئیسرائیل و بۆ ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت، یەک یاسا دەبێت بۆ ئەوەی بەبێ ئەنقەست گوناهی کردبێت.
- 30
- «”بەڵام ئەو کەسەی هاوڵاتی بێت یان نامۆ بە دەستی ئەنقەست گوناه بکات، ئەو کەسە کفری بەرامبەر بە یەزدان کردووە، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی دادەبڕدرێت،
- 31
- چونکە سووکایەتی بە فەرمایشتی یەزدان کردووە و فەرمانی ئەوی شکاندووە، بێگومان ئەو کەسە دادەبڕدرێت و ئۆباڵی خۆی لە ملی خۆی.“»
- شکاندنی یاسای شەممە
- 32
- کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی بوون پیاوێکیان بینی لە ڕۆژی شەممەدا داری کۆدەکردەوە،
- 33
- جا ئەوانەی بینییان دار کۆدەکاتەوە بردیانە بەردەم موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ.
- 34
- ئینجا لە بەندیخانەیان دانا، چونکە ئاشکرا نەبوو بوو چی لێ دەکرێت.
- 35
- جا یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەو پیاوە دەبێت بکوژرێت، لە دەرەوەی ئۆردوگا هەموو کۆمەڵ بەردبارانی دەکەن.»
- 36
- جا هەموو کۆمەڵ بردیانە دەرەوەی ئۆردوگا و بەردبارانیان کرد و مرد، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
- گوڵنگ لەسەر جلوبەرگ
- 37
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 38
- «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”با گوڵنگ لە لچکی[h] جلەکانتان دروستبکەن، نەوە دوای نەوە و لەسەر لچکەکانی خوارەوە گوڵنگی مۆر دابنێن.
- 39
- کاتێک ئەم گوڵنگانە دەبینن هەموو فەرمانەکانی یەزدانتان بەبیر دێتەوە و جێبەجێی دەکەن و بەدوای ئارەزووی دڵ و چاوتان ناکەون هەتا بەدوایاندا بەدڕەوشتی بکەن،
- 40
- هەتا بەبیرتان بێتەوە و هەموو فەرمانەکانی یەزدان جێبەجێ بکەن و بۆ خوداتان پیرۆز بن.
- 41
- من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا ببێت بە خوداتان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
- a. 15:3 بەخشینی ئازاد: بڕوانە دەرچوون 35:29 و 36:3.
- b. 15:6 دوو دەیەکی ئێفەیەک: نزیکەی 4,5 لیتر.
- c. 15:6 سێیەکی هەینێک: نزیکەی 1,2 لیتر، لێرە و لە ئایەتی 7.
- d. 15:9 سێ دەیەکی ئێفەیەک: نزیکەی 6,5 لیتر.
- e. 15:9 نیو هەین: نزیکەی دوو لیتر، لێرە و لە ئایەتی دە.
- f. 15:20 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.
- g. 15:22 بەبێ ئەنقەست: ئەگەر کەسێک لە سنووری ئەندازەی ڕێپێدراودا گوناهی کرد چ لە ڕێگەی گوێ پێنەدان و نەزانینەوە بێت. ئەوا لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە ڕێگەی قوربانی بۆ گوناه. هەروەها ئەگەر کەسێک تووشی گڵاوبوون بووبێت ئەوا بە هەمان شێوە پاک دەبێتەوە. بڕوانە لێڤییەکان 4:2.
- h. 15:38 لاولوێچ یان لچک مەبەست لە سەرگۆشەی قوماشە یان جل و بەرگ.