عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- دژایەتییەکانی بنیادنانەوە
- 1
- کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە، ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو، گاڵتەی بە جولەکەکان کرد.
- 2
- لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی: «ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟ ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟ ئایا قوربانی سەردەبڕن؟ ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟ ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون، دەیانژیێننەوە؟»
- 3
- تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی: «ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»
- 4
- «ئەی خودای ئێمە، گوێت لێ بێت، چونکە ئێمە سووکایەتیمان پێکرا. توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتیدا تاڵان بکرێن.
- 5
- تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە، چونکە ئەوان سووکایەتییان بە بیناسازەکان کردووە.»
- 6
- جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت. گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.
- 7
- ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو بۆشاییەکان پڕ دەکرانەوە، زۆر ڕقیان هەستا.
- 8
- جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە.
- 9
- ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.
- 10
- لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»
- 11
- ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.»
- 12
- ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، دەیان جار هاتن و پێیان گوتین: «لە هەموو لایەکەوە دێن و هێرشمان دەکەنە سەر.»
- 13
- ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت.
- 14
- دوای ئەوەی کە سەیری بارودۆخەکەم کرد، هەستام و بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»
- 15
- دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.
- 16
- لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و زرێیان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد.
- 17
- بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت.
- 18
- بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.
- 19
- ئینجا بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە، ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین.
- 20
- لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو، بگەنە لامان بۆ ئەوێ، خودامان بۆمان دەجەنگێت!»
- 21
- ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت.
- 22
- هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت: «با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لە ناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.»
- 23
- جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من، جلەکانمان دانەکەند، بەڵکو هەرکەسێک بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچوو.