عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ناردنی نەحەمیا بۆ ئۆرشەلیم
- 1
- ئەوە بوو لە مانگی نیسان، لە بیستەمین ساڵی ئەرتەحشەستە پاشا، شەرابی لەپێش بوو، منیش شەرابەکەم هەڵگرت و دامە پاشا. پێشتر لەبەردەمی ئەو خەمبار نەببووم،
- 2
- لەبەر ئەوە پاشا لێی پرسیم: «بۆچی ڕووت خەمبارە، لە کاتێکدا کە نەخۆش نیت؟ هەبێت و نەبێت دڵت بە خەمە.»
من زۆر ترسام، - 3
- بەڵام بە پاشام گوت: «با پاشا هەتاهەتایە هەر بژیێت! چۆن ڕووم خەمبار نەبێت، کە ئەو شارەی ماڵی گۆڕستانی باوباپیرانمە کاول بووە، دەروازەکانیشی سووتێنراون؟»
- 4
- پاشا پێی گوتم: «چیت دەوێت؟»
منیش نزام بۆ خودای ئاسمان کرد و - 5
- بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، ئەگەر خزمەتکارەکەت لەبەردەمت پەسەندە، بمنێرە یەهودا، بۆ شاری گۆڕستانی باوباپیرانم، تاوەکو بنیادی بنێمەوە.»
- 6
- شاژنیش لەتەنیشتی پاشا دانیشتبوو. پاشا پێی گوتم: «گەشتەکەت چەندی پێ دەچێت و کەی دەگەڕێیتەوە؟» پاشا پێی خۆش بوو بمنێرێت، منیش کاتێکم بۆ دیاری کرد.
- 7
- دوای ئەوە بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، با چەند نامەیەکم بۆ پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات پێ بدات بۆ ئەوەی ڕێگام بدەن هەتا دەگەمە یەهودا،
- 8
- هەروەها نامەیەک بۆ ئاسافی چاودێری دارستانەکانی پاشا بنووسە، تاکو دارم پێ بدات کە بیکەمە کاریتە بۆ دەروازەکانی قەڵا کە لە تەنیشت پەرستگاکەیە، هەروەها بۆ شووراکانی شارەکە و ئەو ماڵەی کە تێیدا دەژیم.» پاشا داواکارییەکانی جێبەجێ کردم، چونکە دەستی چاکەی خوداکەم لەسەرم بوو.
- 9
- ئیتر چوومە لای پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات و نامەکانی پاشام پێدان، پاشا چەند ئەفسەرێکی سوپا و چەند سوارێکی لەگەڵمدا ناردبوو.
- 10
- کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی ئەمەیان بیستەوە، زۆریان پێ ناخۆش بوو کە کەسێک هاتووە و هەوڵی چاکەی نەوەی ئیسرائیل دەدات.
- پشکنینی شووراکانی ئۆرشەلیم
- 11
- دوای ئەوەی کە چوومە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ مامەوە،
- 12
- بە شەو هەستام و لەگەڵ چەند پیاوێک بەڕێ کەوتم، بە کەسیشم ڕانەگەیاند کە خوداکەم چی خستووەتە دڵمەوە هەتا لە ئۆرشەلیم بیکەم، بێجگە لەو وڵاخەی سواری ببووم هیچ وڵاخێکی دیکەم لەگەڵ نەبوو.
- 13
- بە شەو لە دەروازەی دۆڵەکە بە بەردەم بیری چەقەڵدا چوومە دەرەوە بۆ لای دەروازەی زبڵ و سەرنجم دایە شووراکانی ئۆرشەلیم کە ڕووخابوون و دەروازەکانی کە سووتابوون.
- 14
- پاشان پەڕیمەوە بۆ دەروازەی کارێز و بۆ گۆمی پاشا، بەڵام جێگا نەبوو بۆ پەڕینەوەی ئەو وڵاخەی لە ژێرم بوو.
- 15
- بە شەو بە دۆڵەکەدا ڕۆیشتم و سەرنجم دایە شووراکە. لە کۆتاییدا گەڕامەوە و بە دەروازەی دۆڵەکەدا هاتمە ژوورەوە.
- 16
- کاربەدەستەکان نەیانزانی بۆ کوێ چووم و چیم کرد، هەتا ئەو کاتەش بە کەسم ڕانەگەیاندبوو، جولەکە و کاهین و خانەدان و کاربەدەستەکان و ئەو کەسانەی دیکەش کە دەبێت کارەکە بکەن.
- 17
- ئینجا پێم گوتن: «ئێوە ئەو ناخۆشییە دەبینن کە ئێمە تێیداین، کە ئۆرشەلیم کاولە و دەروازەکانی سووتێنراون. وەرن با شوورای ئۆرشەلیم بنیاد بنێینەوە و چیتر نەبینە مایەی ڕیسوایی.»
- 18
- لەبارەی دەستی چاکەی خوداش کە لەسەرم بوو پێم ڕاگەیاندن، هەروەها قسەکانی پاشا کە پێی گوتبووم.
ئەوانیش گوتیان: «با هەستین و بنیادی بنێینەوە.» بازوویان لێ هەڵکرد بۆ چاکە. - 19
- بەڵام کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی و گەشەمی عەرەبی ئەمەیان بیستەوە گاڵتە و سووکایەتییان پێکردین و گوتیان: «ئەمە چییە ئێوە دەیکەن؟ ئایا لە پاشا هەڵدەگەڕێنەوە؟»
- 20
- منیش وەڵامم دانەوە و پێم گوتن: «خودای ئاسمان سەرکەوتوومان دەکات و ئێمەش خزمەتکاری ئەوین، هەڵدەستین و بنیادی دەنێینەوە، بەڵام ئێوە هیچ بەش و ماف و ناوێکتان لە ئۆرشەلیم نییە.»