عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- قوڕبەسەر نەینەوا
- 1
- ئەی شاری خوێن، قوڕبەسەرت،
سەراپای درۆیە،
پڕ لە تاڵانە،
نێچیری لێ نابڕێت! - 2
- شریقەی قامچی،
خشەخشی چەرخ،
غاردانی ئەسپ و
هەڵبەزینی گالیسکە! - 3
- سوارەکان پێشدەکەون،
بڵێسەی شمشێر و
بروسکەی ڕم!
زۆری برینداران و
زۆری کوژراوان،
تەرمی بێشومار،
خەڵکی ساتمە لە تەرمەکان دەکەن. - 4
- هەموو ئەمانە لەبەر زۆری داوێنپیسی لەشفرۆشەکەیە،
ڕوخسار جوان و جادووگەرە گەورەکە،
ئەوەی بە داوێنپیسییەکەی نەتەوەکانی کردە کۆیلە،
بە جادووگەرییەکەی خێڵەکان. - 5
- یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم.
دامێنت هەڵدەبڕم بۆ سەر ڕووت،
ڕووتیت پیشانی نەتەوەکان دەدەم و
پاشایەتییەکانیش شەرمەزاریت دەبینن. - 6
- پیسایی فڕێدەدەمە سەرت،
ڕیسوات دەکەم و
دەتکەمە دیمەنێکی گاڵتەجاڕی. - 7
- جا هەرکەسێک بتبینێت لێت ڕادەکات و دەڵێت:
”نەینەوا کاول بوو، کێ بۆی دەگریێت؟“
لەکوێ کەسێک ببینمەوە دڵنەواییت بکات؟» - 8
- ئایا لە شاری تیب چاکتریت،
دانیشتووی سەر نیل،
ئاو چواردەوری دابوو؟
ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست،
ئاوەکان شوورای بوون. - 9
- کوش[a] و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون،
پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون. - 10
- بەڵام ئەو بە دیل گیرا و
ڕاپێچ کرا،
منداڵەکانی پارچەپارچە کران
لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و
هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران. - 11
- هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت،
خۆت دەشاریتەوە و
لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن. - 12
- هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن
بە یەکەم بەرەوە،
کە بتەکێن بەردەبنەوە
بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات. - 13
- تەماشای سەربازەکانت بکە،
هەموویان وەک ژنن!
دەروازەکانی خاکەکەت
بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت،
ئاگر شمشیرەی[b] دەروازەکانت هەڵدەلووشێت. - 14
- ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت،
قەڵاکانت بەهێز بکە!
بڕۆ ناو قوڕەوە،
قوڕ بشێلە و
خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە! - 15
- لەوێدا ئاگر دەتخوات،
شمشێر دەتبڕێت و
وەک پۆلە کوللە دەتخوات.
وەک پۆلە کوللە زیادبە،
زیادبە وەک پێکوڕە! - 16
- بازرگانەکانی خۆت
لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد،
بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن. - 17
- پاسەوانەکانت وەک کوللەن،
ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن،
کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون،
بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن،
کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون. - 18
- ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن،
گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن.
گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون،
کەس نییە کۆیان بکاتەوە. - 19
- شکانەکەت ناگیرێتەوە،
برینەکەت ساڕێژ نابێت.
هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن
لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن،
چونکە کێ نەیچێشتووە
خراپەی بەردەوامی تۆ؟
- a. 3:9 وڵاتێک بووە لە سەرووی ڕووباری نیل.
- b. 3:13 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.