عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- پاشایەتی نەینەوا دەڕووخێنرێت
- 1
- ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات.
قەڵاکە بپارێزە،
چاودێری ڕێگاکە بکە،
بازووی لێ هەڵبکە،
توانای زۆر بخەرە گەڕ! - 2
- یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە
وەک سەروەری ئیسرائیل،
هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و
ڕەزەمێوەکانیان تێکدان. - 3
- قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون،
قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان،
لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا
پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە،
ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە. - 4
- گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون،
لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن.
دیمەنیان وەک مەشخەڵە،
وەک بروسک غار دەدەن. - 5
- نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات،
بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون.
پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و
قەڵغانەکان ئامادە کراون. - 6
- دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و
کۆشکەکە دەڕمێت. - 7
- بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و
ڕاپێچ دەکرێت.
کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن،
سنگیان دەکوتن. - 8
- نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە.
هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!»
بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە. - 9
- «زیو تاڵان بکەن!
زێڕ تاڵان بکەن!
گەنجینەکانی لەبن نایەن،
پڕە لە گەوهەری بەهادار.» - 10
- چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە،
دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن،
هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت. - 11
- کوا لانەی شێرەکان،
لەوەڕگای بەچکە شێران؟
لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان
لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن. - 12
- شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و
نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند،
ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر،
لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون. - 13
- یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
«من لە دژی تۆم.
گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ،
بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و
نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم.
ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»