عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- سروشێک[a] سەبارەت بە نەینەوا، پەڕتووکی بینینەکەی ناحومی ئەلقۆشی:
- تووڕەیی خودا لە دژی نەینەوا
- 2
- یەزدان خودایەکی ئیرەدار[b] و تۆڵەسێنەرە،
یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە.
یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و
هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە. - 3
- یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە،
بەڵام چاو لە گوناه ناپۆشێت.
ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە،
هەور تۆزی پێیەکانیەتی. - 4
- دەریا سەرزەنشت دەکات و وشکی دەکات،
هەموو ڕووبارەکان بێ ئاو دەکات.
باشان و کارمەل سیس دەکات،
خونچەی لوبنان سیس دەبێت. - 5
- چیاکان لەبەر ئەو دەلەرزن و
گردەکان دەتوێنەوە.
زەوی لە ئامادەبوونی ئەو دەهەژێت،
جیهان و هەموو دانیشتووانەکەی. - 6
- کێ لەبەردەم تووڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
کێ بەرگەی جۆشی تووڕەیی ئەو دەگرێت؟
هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و
تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن. - 7
- یەزدان چاکە،
لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە.
بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن، - 8
- بەڵام بە تۆفانێکی گەورە
بە تەواوی کۆتایی بە نەینەوا دەهێنێت،
دوژمنەکانی بەرەو تاریکی ڕاودەنێت. - 9
- بیر لە چی دەکەنەوە لە دژی یەزدان؟
ئەو کۆتایی پێدەهێنێت،
کارەسات دوو جار بەرپا نابێت. - 10
- ئەوان وەک دڕک لێک دەئاڵێن،
بە شەرابەکەیان سەرخۆش دەبن،
هەموویان وەک کای وشک دەسووتێن. - 11
- ئەی نەینەوا، یەکێک لە تۆوە دەردەکەوێت،
ئەوەی بیر لە خراپە دەکاتەوە لە دژی یەزدان،
ڕاوێژکاری بەدکارییە. - 12
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«هەرچەندە بەهێز و زۆریشن،
بەڵام دەبڕێنەوە و بەسەردەچن.
ئەی یەهودا، هەرچەندە زەلیلم کردیت
بەڵام ئیتر زەلیلت ناکەم. - 13
- ئێستاش ئەو نیرەی[c] کە لەسەر تۆی دایانناوە دەیشکێنم،
کۆتەکانت لێ دەکەمەوە.» - 14
- ئەی نەینەوا، یەزدان سەبارەت بە تۆ فەرمانی داوە:
«هیچ نەوەیەک نامێنێت ناوی تۆی هەڵگرتبێت.
بتە داتاشراو و لەقاڵبدراوەکان
لە پەرستگای خوداوەندەکانت ڕیشەکێش دەکەم.
گۆڕت بۆ هەڵدەکەنم، چونکە تۆ شایانی ژیان نیت.» - 15
- ئەوەتا لەسەر چیاکانە
پێیەکانی مزگێنیدەر،
ئاشتی ڕادەگەیەنێت!
ئەی یەهودا، جەژنەکانت بگێڕە،
نەزرەکانت[d] بەجێبهێنە،
ئیتر بەدکاران داگیرت ناکەن،
بەڵکو بە تەواوی بنبڕ دەبن.
- a. 1:1 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
- b. 1:2 ئیرەدار: لێرەدا واتایەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، چونکە خودا مرۆڤی خۆشدەوێت و نایەوێت کەسێک پەیوەندی نێوانیان تێک بدات.
- c. 1:13 مەبەستی لە بارگرانییە.
- d. 1:15 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21:2.