عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بەڵێنی دەرکەوتنی فەرمانڕەوایەک لە بێتلەحمەوە
- 1
- ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە،
چونکە گەمارۆ دراوین.
بە گۆچان لە ڕوومەتی
ڕابەری ئیسرائیل دەدەن. - 2
- «بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی ئەفراتە،
هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی[a] یەهودا بچووکیت،
بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت
ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە،
لە ئەزەلەوەیە.» - 3
- لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات
هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت،
پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە
بۆ لای نەوەی ئیسرائیل. - 4
- جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات
بە هێزی یەزدان،
بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
جا بە ئاسوودەیی دەژین،
چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی. - 5
- ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە،
کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و
پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان.
حەوت شوانی لەسەر دادەنێین،
لەگەڵ هەشت میر. - 6
- بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و
خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو.
بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات،
کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و
کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان. - 7
- پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت،
وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە،
وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا،
ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و
بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت. - 8
- پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان،
لەنێو چەندین گەل،
وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا،
وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا،
ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات،
کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات. - 9
- دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و
هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن. - 10
- یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و
گالیسکەکانت تێک دەشکێنم. - 11
- شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و
هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم. - 12
- ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و
لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت. - 13
- بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و
لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت[b] لە ناوەڕاستت،
ئیتر کڕنۆش نابەیت
بۆ دەستکردی دەستەکانت. - 14
- ستوونە ئەشێراکانت[c] لەنێوتدا هەڵدەکێشم و
شارەکانت وێران دەکەم. - 15
- بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە
لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»
- a. 5:2 یان: هۆزەکانی یەهودا.
- b. 5:13 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16:21-22.
- c. 5:14 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11:5.