عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- کێوی یەزدان
- 1
- لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
گەلان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن. - 2
- زۆرێک لە نەتەوەکان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە. - 3
- لەنێو چەندین گەل دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ نەتەوە بەهێز و دوورەکان دەکات،
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن. - 4
- هەریەکە و لەژێر ڕەزەمێوەکەی و
لەژێر دار هەنجیرەکەی دادەنیشێت،
کەس نایترسێنێت،
چونکە یەزدانی سوپاسالار فەرموویەتی. - 5
- هەر گەلێک ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر،
هەریەکە و بە ناوی خوداوەندەکانی خۆیەوە؛
ئێمەش بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە
بۆ هەتاهەتایە و هەتاسەر ڕێگا دەگرینەبەر. - پلانی یەزدان
- 6
- یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا شەلەکان کۆدەکەمەوە و
ڕاپێچکراوەکان خڕدەکەمەوە،
هەروەها ئەوانەی سزام داون. - 7
- شەلەکان دەکەمە پاشماوە،
دوورخراوەکانیش دەکەمە نەتەوەیەکی بەهێز.
یەزدانیش لە کێوی سییۆن پاشایەتییان دەکات
لەو کاتەوە و بۆ هەتاهەتایە. - 8
- تۆش ئەی تاوەری پاسەوانی مێگەل،
ئەی قەڵای سییۆنی کچ،
هەروەک پێشتر دەسەڵاتت بۆ دەگەڕێتەوە،
پاشایەتی ئۆرشەلیمی کچ.» - 9
- ئێستا بۆچی بە هاوارەوە دەگریت؟
بۆچی وەک ژانی منداڵبوون ژانت گرتووە؟
ئایا پاشات نییە،
یان ڕاوێژکارت مردووە؟ - 10
- ئەی سییۆنی کچ، لەبەر ژان بگەوزێ
وەک ژنی ژانگرتوو،
چونکە ئێستا لە شار دێیتە دەرەوە و
لە دەشتودەر چادر هەڵدەدەیت.
دەچیتە بابل،
لەوێ دەرباز دەکرێیت.
لەوێ یەزدان دەتکڕێتەوە
لە دەستی دوژمنەکانت. - 11
- بەڵام ئێستا، چەندین نەتەوە
لە دژی تۆ کۆدەبنەوە.
دەڵێن: «با گڵاو بێت،
با بە دیمەنی سییۆن دڵخۆش بین.» - 12
- بەڵام ئەوان نازانن
بیرکردنەوەی یەزدان چییە،
هەروەها لە پلانی ئەو تێناگەن،
چونکە وەک مەڵۆی گەنم بۆ سەر جۆخین کۆی کردنەوە. - 13
- «ئەی سییۆنی کچ، هەستە و پێشێلی بکە،
چونکە قۆچی ئاسنینت پێ دەبەخشم.
سمی بڕۆنزت پێ دەبەخشم و
چەندین گەل تەفروتونا دەکەیت.»
دەستکەوتی ناڕەوایی ئەوان بۆ یەزدان تەرخان دەکەیت،
سامانیان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان.