عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- سەرزەنشتی ڕابەران و پێغەمبەران
- 1
- گوتم:
«ئەی سەرکردەکانی یاقوب،
ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن.
ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟ - 2
- ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن،
پێستی گەلەکەم دادەماڵن و
گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛ - 3
- ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن،
کەوڵیان دەکەن،
ئێسکیان دەشکێنن،
پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ،
وەک گۆشتی ناو تاوە.» - 4
- ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن،
بەڵام وەڵامیان ناداتەوە.
لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە،
لەبەر ئەو خراپانەی کردیان. - 5
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«سەبارەت بە پێغەمبەرەکان،
ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن،
بانگەوازی ئاشتی دەکەن
بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن،
بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن
کە تێریان ناکەن. - 6
- لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت،
تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە.
خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت،
ڕۆژیان لێ تاریک دادێت. - 7
- پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن،
فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن،
هەموویان چاوەڕوویان نەماوە،
چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.» - 8
- بەڵام سەبارەت بە من، پڕم لە هێز،
پڕ لە ڕۆحی یەزدان،
لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی،
تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم،
بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی. - 9
- ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب،
ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەمە بگرن،
ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و
هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن، - 10
- ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و
ئۆرشەلیم بە ستەم. - 11
- ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن،
کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن،
پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن:
«ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟
هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.» - 12
- لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە
سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت،
ئۆرشەلیم کاول دەبێت،
گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.