عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- تاقیکردنەوەی عیسا
- 1
- پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە.
- 2
- دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، برسی بوو.
- 3
- تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت[a] ، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»
- 4
- بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.﴾[b] »
- 5
- ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز[c] و لەسەر گوێسەبانەی[d] پەرستگا ڕایگرت و
- 6
- پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:
«﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾[e] » - 7
- عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾[f] »
- 8
- دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و
- 9
- پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»
- 10
- ئینجا عیساش پێی فەرموو: «ئەی شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾[g] »
- 11
- ئیتر ئیبلیس وازی لێ هێنا و چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد.
- مژدەبەخشین لە جەلیل
- 12
- کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی جەلیل.
- 13
- ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە شاری کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی[h] ،
- 14
- تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:
- 15
- ﴿ئەی خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی،
ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون،
جەلیلی ناجولەکەکان، - 16
- ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە،
ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.﴾[i] - 17
- لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
- هەڵبژاردنی قوتابییەکان
- 18
- کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون.
- 19
- عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[j] .»
- 20
- دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
- 21
- کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد.
- 22
- دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
- عیسا نەخۆش چاک دەکاتەوە
- 23
- ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان[k] خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی[l] پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە.
- 24
- لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای[m] گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە.
- 25
- جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە[n] و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون دوای کەوتن.
- a. 4:3 بڕوانە لیستی زاراوەکان لە پاشکۆ.
- b. 4:4 دواوتار 8:3.
- c. 4:5 شاری پیرۆز: مەبەستی لە ئۆرشەلیمە.
- d. 4:5 سواندە.
- e. 4:6 زەبوورەکان 91:11-12
- f. 4:7 دواوتار 6:16
- g. 4:10 دواوتار 6:13
- h. 4:13 دوو ناوچەی بچووکن دەکەونە باکووری فەلەستین و ڕۆژئاوای دەریاچەی جەلیل، بە ناوی دووان لە کوڕەکانی حەزرەتی یاقوب ناونراون.
- i. 4:16 ئیشایا 9:1-2
- j. 4:19 مەبەست لە هێنانی خەڵکە بۆ ئەوەی ببەن بە قوتابی مەسیح.
- k. 4:23 کەنیشت: بەو شوێنە دەگوترێت کە جولەکەکان نوێژ و خواپەرستی و خوێندنی تەوراتی لێ ئەنجام دەدەن.
- l. 4:23 یۆنانی: \+tl ئیوانجیلیۆن\+tl*، لە زمانی عەرەبی بووە بە ئینجیل. لە زمانی یۆنانی بە واتای مژدە دێت، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی هاتنی پاشا، لێرەدا بۆ هاتنی مەسیح بەکارهاتووە.
- m. 4:24
q سوریا لەو سەردەمەدا بە خاکی باکووری جەلیل گوتراوە سوریا، کە هەرێمێکی ژێر دەسەڵاتی ڕۆمانی بووە. - n. 4:25 دە شارەکە: دیکاپۆلیس، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.