عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- مۆغەکان سەردانی مەسیح دەکەن
- 1
- لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێتلەحمی یەهودیا[a] ، لە سەردەمی هێرۆدسی[b] پاشا، هەندێک مۆغ[c] لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم،
- 2
- پرسییان: «پاشای لەدایکبووی جولەکە لەکوێیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»
- 3
- کاتێک هێرۆدسی پاشا ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان.
- 4
- هەموو کاهینانی[d] باڵا و مامۆستایانی تەوراتی[e] گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟»
- 5
- وەڵامیان دایەوە: «لە بێتلەحمی یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە[f] ئاوا نووسراوە:
- 6
- «﴿بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی خاکی یەهودا،
کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا،
چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت،
شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.﴾[g] » - 7
- دوای ئەمە هێرۆدس بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن.
- 8
- ئینجا بۆ بێتلەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»
- 9
- لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێبوو.
- 10
- کاتێک ئەستێرەکەیان بینی، زۆر شادمان بوون،
- 11
- چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوینەوە و کڕنۆشیان بۆ برد و سندوقی گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان[h] بە دیاری پێشکەش کرد.
- 12
- ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
- هەڵاتن بەرەو میسر
- 13
- دوای ڕۆیشتنی مۆغەکان، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و ڕابکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس وا بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.»
- 14
- یوسفیش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت،
- 15
- هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، تاوەکو ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە[i] فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: ﴿من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.﴾[j]
- 16
- کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خواری لە بێتلەحم و دەوروبەری کوشت.
- 17
- ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:
- 18
- ﴿دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل[k] بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
چونکە نەماون.﴾[l] - گەڕانەوە بۆ شاری ناسیرە
- 19
- کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و
- 20
- گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی دەیانویست منداڵەکە بکوژن، مردن.»
- 21
- یوسفیش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل.
- 22
- بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل.
- 23
- جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، بۆ ئەوەی ئەو فەرمایشتەی لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە گوترابوو بێتە دی: ﴿بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.﴾
- a. 2:1 لە پەیمانی کۆن ناوی یەهودا بووە.
- b. 2:1 هێرۆدس: هێرۆدسی گەورە لە 37–4 پ. ز. پاشای یەهودیا بوو.
- c. 2:1 بە زمانی یۆنانی پێی دەگوترێت مەغۆس. مۆغان پیاوانی ئایینی زەردەشتی بوون کە ئەستێرەناسیش بوون.
- d. 2:4 کاهین: پیاوێکی ئایینی جولەکەیە کە هەڵدەستێ بە ئەرکی قوربانی کردن لەناو پەرستگا و فێرکردنی وشەی خودا و شەریعەتی پەیمانی کۆن بە خەڵکی.
- e. 2:4 مالم.
- f. 2:5 مەبەست لە پێغەمبەر میخایە.
- g. 2:6 میخا 5:2
- h. 2:11 موڕ: بەکاردەهێنرا لە ئامادەکردنی تەرم بۆ ناشتن، بڕوانە یۆحەنا 19:39.
- i. 2:15 مەبەست لە پێغەمبەر هۆشەعە.
- j. 2:15 هۆشەع 11:1.
- k. 2:18 ڕاحێل یەکێکە لە ژنەکانی حەزرەتی یاقوب، دایکی یوسف و بنیامینە، لێرەدا هێمایە بۆ دایکە بنیامینییەکان.
- l. 2:18 یەرمیا 31:15