عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟
- 1
- لەو کاتەدا قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟»
- 2
- ئەویش منداڵێکی بانگکرد و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت،
- 3
- فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
- 4
- بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە.
- 5
- ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات.
- ئاگادارکردنەوە لە کەوتنە ناو گوناه
- 6
- «ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت.
- 7
- قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناه دەکەن، چونکە گوناهکردن هەر دەبێت هەبێت، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە دەبێتە هۆکار بۆ کەوتنە نێو گوناه.
- 8
- ئەگەر دەستت یان پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە.[a] بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە.
- 9
- ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
- نموونەی مەڕی ونبوو
- 10
- «ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. {
- 11
- کوڕی مرۆڤ هاتووە بۆ ئەوەی ونبووان ڕزگار بکات.}
- 12
- «ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟
- 13
- ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت!
- 14
- بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.
- گلەیی برایانە
- 15
- «ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە.
- 16
- خۆ ئەگەر گوێی نەگرت، یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە، تاکو ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت.﴾[b]
- 17
- ئەگەر بەگوێی نەکردن، بە کڵێسا بڵێ، ئەگەر بەگوێی کڵێساشی نەکرد، ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ.
- 18
- «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی ئێوە لەسەر زەوی دایبخەن، لە ئاسمانیش داخراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت.
- 19
- «دیسان ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر دووان لە ئێوە لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچی داوا بکەن، باوکم کە لە ئاسمانە بۆتان جێبەجێ دەکات،
- 20
- چونکە لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.»
- گەردن ئازادکردن
- 21
- ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت: «گەورەم، دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تاکو حەوت جار؟»
- 22
- عیساش پێی فەرموو: «من پێت ناڵێم حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار!
- 23
- «لەبەر ئەوە پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت ویستی حیساب لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات.
- 24
- کاتێک دەستی پێکرد، یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار کیسە زێڕ[c] قەرزار بوو.
- 25
- کە هیچی نەبوو بیداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە.
- 26
- «لەبەر ئەوە خزمەتکارەکە لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی: ”لەسەرم ڕابوەستە، هەمووت دەدەمەوە.“
- 27
- گەورەی ئەو خزمەتکارە دڵی پێی سووتا، ئازادی کرد و لە قەرزەکە خۆشبوو.
- 28
- «ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار[d] قەرزاری بوو، ملی گرت و گوتی: ”ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە!“
- 29
- «خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی چۆکی دادا و لێی پاڕایەوە: ”لەسەرم ڕابوەستە، دەتدەمەوە.“
- 30
- «بەڵام ڕازی نەبوو، چوو فڕێیدایە زیندانەوە، هەتا قەرزەکەی بداتەوە.
- 31
- کاتێک خزمەتکارە هاوکارەکانیان ڕووداوەکەیان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە.
- 32
- «ئەوسا گەورەکە خزمەتکارەکەی بانگ کرد و پێی گوت: ”خزمەتکاری بەدکار، لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم، چونکە لێم پاڕایتەوە.
- 33
- ئایا نەدەبوو تۆش بەزەییت بە خزمەتکارە هاوکارەکەتدا بێتەوە، هەروەک چۆن من بەزەییم پێتدا هاتەوە؟“
- 34
- جا گەورەکەی تووڕە بوو و دایە دەست جەلادەکانەوە، هەتا هەموو قەرزەکەی بداتەوە.
- 35
- «باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات، ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە گەردنی خوشکی یان براکەی ئازاد نەکات.»
- a. 18:8 لێرەدا مەبەست لە بڕینی ئەندامی لەش نییە، بەڵکو مەبەستی ئەوەیە کە باوەڕدار ئامادەبێت ئەندامی لەشی خۆی ببڕێت، بەڵام گوناه نەکات.
- b. 18:16 دواوتار 19:15
- c. 18:24 کیسە زێڕ: یۆنانی: \+tl تالنت\+tl*، هەر تالنتێک نزیکەی 34 کگم بووە؛ یەک \+tl تالنت\+tl* زێڕ دەیکردە کرێی 15 ساڵی کرێکارێک.
- d. 18:28 یەک دینار کرێی ڕۆژانەی کرێکارێک بووە.