عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- کوشتنی حەزرەتی یەحیا
- 1
- لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای[a] جەلیل بوو، ناوبانگی عیسای بیست،
- 2
- بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
- 3
- هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە،
- 4
- چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.»
- 5
- هێرۆدسیش دەیویست یەحیا بکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
- 6
- لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لە ناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد.
- 7
- ئەویش سوێندی بۆ خوارد و بەڵێنی پێ دا کە حەزی لە چی بێت بیداتێ.
- 8
- کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.»
- 9
- پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم میوانەکاندا سوێندی خواردبوو، فەرمانی دا بیدەنێ.
- 10
- ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و
- 11
- سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی.
- 12
- قوتابییەکانی یەحیا هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتیان. ئینجا چوون بۆ لای عیسا و هەواڵیان پێدا.
- تێرکردنی پێنج هەزار کەس
- 13
- کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن.
- 14
- کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.
- 15
- کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێ بکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
- 16
- بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
- 17
- ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»
- 18
- ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.»
- 19
- فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە.
- 20
- هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە.
- 21
- ژمارەی ئەوانەی کە نانیان خوارد نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
- عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات
- 22
- دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات.
- 23
- لەدوای ئەوەی خەڵکەکەی بەڕێکرد، سەرکەوتە سەر شاخێک بۆ ئەوەی بە تەنها نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو،
- 24
- بەلەمەکەش مەودایەکی زۆری لە وشکانییەوە بڕیبوو، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو.
- 25
- پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت.
- 26
- کاتێک قوتابییەکان بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.
- 27
- دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.»
- 28
- پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»
- 29
- فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت.
- 30
- بەڵام کاتێک توندی بایەکەی بینی، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»
- 31
- عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتی و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»
- 32
- کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، ڕەشەباکە وەستا.
- 33
- ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»
- 34
- کاتێک پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت.
- 35
- خەڵکی ئەو ناوچەیە عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا.
- 36
- لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.
- a. 14:1 یۆنانی: \+tl تیترارک\+tl*: فەرمانڕەوای هەرێمێک لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی.