عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 2
- «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و ناپاکی لە یەزدان کرد، بەوەی فێڵی لە کەسێک کرد، لە شتێک کە لەلای دانرابێت یان ئەمانەتێک یان دزینێک یان دەست بەسەرداگرتنی شتێکی نزیکەکەی،
- 3
- یان شتێکی بزربووی دۆزییەوە و سەبارەت بەوە نکۆڵی کرد، یان بە درۆ سوێندی لەسەر ئەمانە خوارد یان هەر شتێک کە مرۆڤ گوناهی تێدا بکات،
- 4
- ئەگەر گوناهی کرد و تاوانبار بوو، پێویستە شتەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوا ئەوەی دزیویەتی یان ئەوەی دەستی بەسەردا گرتووە یان ئەوەی لەلای دانراوە یان ئەوەی بزر ببوو و دۆزییەوە،
- 5
- یان هەر شتێک کە بە درۆ سوێندی لەسەر خواردبێت. سەر بەسەر قەرەبووی دەکاتەوە و پێنج یەکیشی بۆ زیاد دەکات. لە ڕۆژی قوربانی تاوانەکەی دەیداتەوە دەست خاوەنەکەی.
- 6
- لەبری تاوانەکە دەبێت قوربانییەک بۆ کاهین بهێنێت، ئەمە بۆ یەزدانە، قوربانی تاوانەکە بەرانێکی ساغی مێگەل بێت، بەو نرخەی بۆی دادەنێیت،
- 7
- کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە هەر شتێک کە کردوویەتی و پێی تاوانبارە.»
- قوربانی سووتاندن
- 8
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 9
- «ئەم فەرمانە بە هارون و کوڕەکانی ڕابگەیەنە: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی سووتاندن. قوربانی سووتاندن دەبێت بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لەسەر ئاگردانەکە بێت لەسەر قوربانگاکە. پێویستە ئاگری قوربانگاکەش بە داگیرساوی بمێنێتەوە.
- 10
- کاهینەکە جلەکانی و دەرپێکەی کە لە کەتانن لەبەر دەکات و خۆڵەمێشی ئەو قوربانی سووتاندنەی کە ئاگرەکە هەڵیلووشی هەڵدەگرێت و لەتەنیشت قوربانگاکە دایدەنێت.
- 11
- ئینجا جلەکانی دادەکەنێت و جلی دیکە لەبەر دەکات و خۆڵەمێشەکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێک بەپێی ڕێوڕەسم پاک بێت.
- 12
- پێویستە ئاگری سەر قوربانگاکەش بە داگیرساوی بمێنێتەوە و نەکوژێتەوە. کاهینەکەش هەموو بەیانییەک داری لەسەر دەسووتێنێت و قوربانی سووتاندنی لەسەر ڕێک دەخات و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی لەسەر دەسووتێنێت.
- 13
- ئاگرێکی بەردەوامە لەسەر قوربانگاکە کراوەتەوە و ناکوژێتەوە.
- پێشکەشکراوی دانەوێڵە
- 14
- «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە، کوڕانی هارون لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکەن بۆ پێش قوربانگاکە.
- 15
- بە مستی هەندێک ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکەی و هەموو بخوورە سادەکەی کە لەسەر پێشکەشکراوە خۆراکەکەیە لێ دەبات و بەشی یادەوەرییەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، ئەمەش وەک بۆنی خۆشییە بۆ یەزدان.
- 16
- ئەوەی لێشی دەمێنێتەوە هارون و کوڕانی دەیخۆن. بەڵام بەبێ هەویرترش لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت. لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن دەیخۆن.
- 17
- بە هەویرترش ناکرێت بە نان. کردوومە بە بەشی ئەوان لە قوربانییە بە ئاگرەکانم، ئەوە هەرەپیرۆزە وەک قوربانی گوناه و قوربانی تاوان.
- 18
- هەموو نێرینەیەک لە نەوەی هارون لێی دەخوات، بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەکانتان لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، هەر شتێکی بەر بکەوێت پیرۆز دەبێت.“»
- 19
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 20
- «ئەمە قوربانی هارون و کوڕەکانییەتی کە لە ڕۆژی دەستنیشانکردن بۆ یەزدانی دەهێنن: دەیەکی ئێفەیەک[a] لە باشترین ئارد لە پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بە بەردەوامی نیوەی لە بەیانییان و نیوەی لە ئێواران.
- 21
- لەسەر ساج دروستکراو و بە زەیت شێلراو ساز دەکەیت و دەیهێنیت، بە پارچەپارچەکراوی پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە پێشکەش دەکەیت، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
- 22
- ئەو کوڕەی جێگەی دەگرێتەوە وەک کاهینی دەستنیشانکراو هەڵدەستێت بەو کارە، بەشێکی چەسپاوە بۆ یەزدان، بە تەواوی دەسووتێنرێ.
- 23
- هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی کاهین بە تەواوی دەسووتێنرێت و ناخورێت.»
- قوربانی گوناه
- 24
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 25
- «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی گوناه، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت لەوێش قوربانی گوناه لەبەردەم یەزدان سەردەبڕیت، ئەوە هەرەپیرۆزە.
- 26
- ئەو کاهینەی قوربانییەکە بۆ کەفارەتی گوناه دەکات لێی دەخوات، لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن.
- 27
- هەر شتێک بەر کەلاکەکە بکەوێت ئەوا پیرۆز دەبێت، ئەگەر پرژەیەک لە خوێنەکە بەر جلێک کەوت، ئەوا پێویستە جلەکە لە شوێنێکی پیرۆز بشۆیت.
- 28
- بەڵام ئەو مەنجەڵە گڵینەی تێیدا لێنراوە، ئەوا دەشکێنرێت، ئەگەر لە مەنجەڵێکی بڕۆنز لێنرا، ئەوا سپی دەکرێتەوە و ئاوی پێدا دەکرێت.
- 29
- هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، ئەوە هەرەپیرۆزە.
- 30
- بەڵام هەموو قوربانییەکی گوناه لە خوێنەکەی دەبردرێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی پیرۆز، ناخورێت بەڵکو بە ئاگر دەسووتێنرێ.
- a. 6:20 نزیکەی 1,6 کیلۆگرام.