عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ڕێساکان بۆ کاهین
- 1
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ کاهینەکان بدوێ کە نەوەی هارونن و پێیان بڵێ: ”نابێت بەپێی ڕێوڕەسم کەستان بە مردووێکی هۆزەکەی خۆی گڵاو بکات،
- 2
- تەنها بۆ ئەوانە نەبێت کە زۆر نزیکن لێی، دایکی و باوکی و کوڕی و کچی و برای و
- 3
- خوشکە پاکیزەکەی کە لێی نزیکە، ئەوەی شووی نەکردووە، دەشێت لە پێناویدا گڵاو بێت.
- 4
- نابێت خۆی گڵاو بکات بەوانەی لە ڕێگەی ژنهێنانەوە بوونەتە خزمی ئەو.
- 5
- «”کاهینەکان نابێت سەریان سفر بکەن و هەردوو لای ڕیشیان بتاشن و خۆیان بریندار بکەن.
- 6
- دەبێت بۆ خوداکەیان پیرۆز بن و ناوی خودایان نەزڕێنن، چونکە قوربانییە بە ئاگرەکان وەک نانی خودایان بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، جا دەبێت پیرۆز بن.
- 7
- «”نابێت کاهینەکان ئافرەتی لەشفرۆشی بێ ئابڕوو[a] و تەڵاقدراو بخوازن، چونکە کاهین پیرۆزکراوە بۆ خوداکەی،
- 8
- جا بە پیرۆزی دابنێن، چونکە نانی خوداتان پێشکەش دەکات، پیرۆزکراو دەبێت لەلاتان، چونکە من پیرۆزم. من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکات.
- 9
- «”ئەگەر کچی کاهین بە لەشفرۆشی گڵاو بوو، ئەوا باوکی گڵاو کردووە، دەبێت کچەکە بە ئاگر بسووتێنرێت.
- 10
- «”سەرۆکی کاهینان، ئەوەی لەنێو براکانی زەیتی دەستنیشانکردنی بە سەریدا کراوە و ئەرک پێ سپێردراوە بۆ لەبەرکردنی جلەکانی کاهینیێتی، پێویستە سەری ڕووت نەکات و جلەکانی لەبەر خۆی دانەدڕێت.
- 11
- پێویستە نەیەتە ئەو شوێنەی لاشەی مردووی لێیە، نابێت خۆی بۆ دایک و باوکیشی گڵاو بکات.
- 12
- نابێت لە پیرۆزگا دەربچێت، نەوەک پیرۆزگای خوداکەی گڵاو بکات، چونکە بە زەیتی دەستنیشانکردنی خودا نەزرکراوە، من یەزدانم.
- 13
- «”ئەم دەبێت کچێکی پاکیزە بخوازێت.
- 14
- نابێت بێوەژن و تەڵاقدراو و بێ ئابڕووی لەشفرۆش بخوازێت، بەڵکو دەبێت کچێکی پاکیزە لە خزمەکانی بخوازێت،
- 15
- بۆ ئەوەی وەچەکەی لەنێو گەلەکەی گڵاو نەکات. من یەزدانم، ئەوم پیرۆز کردووە.“»
- 16
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 17
- «لەگەڵ هارون بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک لە وەچەی تۆ لە نەوەکانیان کەموکوڕییەکی تێدابوو، با نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی.
- 18
- هەر پیاوێک کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە، نە پیاوی نابینا و نە شەل و نە دەموچاو خوار و نە شێوە تێکچوو،
- 19
- نە پیاوی دەست یان پێ گۆج،
- 20
- نە قەمبوور، نە کورتەباڵا، نە ئەوەی کە کەموکوڕی لە چاویدا هەیە یان زام و برینێکی بەردەوامی هەیە و نە قۆڕ.
- 21
- هەر پیاوێک لە نەوەی هارونی کاهین کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان؛ لەبەر ئەوەی کەموکوڕی تێدایە، پێویستە نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی.
- 22
- دەتوانێت لە نانی خوداکەی بخوات، لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکە و لە خواردنە هەرەپیرۆزەکانیش؛
- 23
- بەڵام نابێت بێتە لای پەردەکە و لە قوربانگاکەش نزیک بکەوێتەوە، چونکە کەموکوڕی تێدایە، نەوەک پیرۆزگام گڵاو بکات، چونکە من یەزدانم، کە پیرۆزیان دەکەم.“»
- 24
- ئینجا موسا لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
- a. 21:7 لە زمانی عیبری بە واتای گڵاو هاتووە، لێرە و لە ئایەتی 14.