عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- یاسا جۆراوجۆرەکان
- 1
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 2
- «لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”دەبێت پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، یەزدانی پەروەردگارتانم.
- 3
- «”هەر یەکێک لە ئێوە، دەبێت ڕێزی دایک و باوکی خۆی بگرێت و شەممەکانم بپارێزن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
- 4
- «”ئاوڕ لە بت مەدەنەوە و خوداوەندی لەقاڵبدراو بۆ خۆتان دروستمەکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
- 5
- «”کاتێک قوربانییەکی هاوبەشی بۆ یەزدان سەردەبڕن، با بە شێوەیەک بێت لەبەردەم یەزدان قبوڵ بێت،
- 6
- ئەو ڕۆژەی سەری دەبڕن دەیخۆن لەگەڵ ڕۆژی پاشتر. ئەوەی لێی دەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی سێیەم، دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێت.
- 7
- ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا بخورێت، ئەوە گڵاوە و قبوڵ نییە.
- 8
- ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە شتێکی پیرۆزی یەزدانی گڵاو کردووە، جا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.
- 9
- «”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە،
- 10
- پاشماوەی هێشووە ترێیەکان لە مێوەکەت مەکەرەوە و ئەوەی دەکەوێت هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆی بەجێبهێڵە. من یەزدانی پەروەردگارتانم.
- 11
- «”مەدزن.
«”درۆ مەکەن.
«”فێڵ لە یەکتری مەکەن. - 12
- «”بە درۆ سوێند بە ناوی من مەخۆن، چونکە ناوی خوداکەت دەزڕێنیت، من یەزدانم.
- 13
- «”نزیکەکەت فریومەدە و تاڵانی مەکە.
«”کرێی کرێگرتەش لەلای خۆت بۆ بەیانی مەهێڵەوە. - 14
- «”نەفرەت لە کەڕ مەکە و کۆسپ مەخەرە بەردەم نابینا، بەڵکو لە خودات بترسە، من یەزدانم.
- 15
- «”لە دادوەریدا ستەم مەکەن، نە لایەنگری هەژار بکەن و نە پشتی کەسی مەزن بگرن، بەڵکو بە دادپەروەری حوکمی بەرامبەرەکەت بدە.
- 16
- «”لەنێوان خەڵکی قسە مەهێنە و مەبە.
«”مەبە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەکەت، من یەزدانم. - 17
- «”لە دڵەوە ڕقت لە براکەت نەبێتەوە، ڕاشکاوانە دراوسێکەت سەرزەنشت بکە، بۆ ئەوەی بەشداری لە گوناهی نەکەیت.
- 18
- «”تۆڵە مەستێنەوە و قین لە دڵ مەبە بەرامبەر کوڕی گەلەکەت، بەڵکو نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت. من یەزدانم.
- 19
- «”فەرزەکانم بەجێبهێنن.
«”دوو جۆری جیا لە ئاژەڵەکانت پێکەوە جووت مەکە.
«”دوو جۆر تۆو لە کێڵگەکەت مەڕوێنە.
«”با جلێکت لەبەر نەبێت کە دوو جۆر بێت. - 20
- «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئافرەتێک جووت بوو، ئەویش کەنیزەیەکی مارەبڕ بوو بۆ پیاوێکی دیکە، بەڵام نەکڕابووەوە و ئازاد نەکرابوو، پێویستە سزایەکی گونجاو بدرێت. کەسیان ناکوژرێت، چونکە ئافرەتەکە ئازاد نەکراوە.
- 21
- دەبێت پیاوەکە قوربانییەک بۆ تاوانەکەی بۆ لای یەزدان بهێنێتە دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بەرانێک وەک قوربانی تاوان.
- 22
- جا کاهینەکە بە بەرانی قوربانی تاوانەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی، جا لەو گوناهەی کردوویەتی لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
- 23
- «”کاتێک چوونە ناو خاکەکە[a] و هەر دارێکتان بۆ خواردن ڕواند، ئەوا بەرەکەی بە قەدەغەکراو بزانن. سێ ساڵ بۆتان قەدەغەکراوە و لێی ناخورێت،
- 24
- لە ساڵی چوارەمیش هەموو بەروبوومەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ شکۆدارکردنی یەزدان،
- 25
- بەڵام لە ساڵی پێنجەمدا بەرەکەی بخۆن، هەتا داهاتی بۆتان زیاد بکات، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
- 26
- «”هەر گۆشتێک بە خوێنەوە بوو مەیخۆن.
«”فاڵ مەگرنەوە و جادووگەری مەکەن. - 27
- «”لاتەنیشتەکانی سەرتان مەتاشن و دەستکاری دوو لای ڕیشتان مەکەن.
- 28
- «”بۆ مردوو خۆتان بریندار مەکەن، نەخش لە لەشی خۆتان مەکوتن، من یەزدانم.
- 29
- «”کچەکەت سووک مەکە، بەوەی بیکەیت بە لەشفرۆش، نەوەک خاکەکە پڕ بێت لە لەشفرۆشی و بەدڕەوشتی.
- 30
- «”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم.
- 31
- «”مەگەڕێنەوە بۆ لای نێوانگر[b] و بەدوای ڕۆح ئامادەکاردا[c] مەگەڕێن، پێیان گڵاو دەبن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
- 32
- «”لەبەر ڕیش سپی هەستە و ڕێزی پیر بگرە و لە خودات بترسە، من یەزدانم.
- 33
- «”ئەگەر نامۆیەک هاتە خاکەکەتان، ستەمی لێ مەکەن،
- 34
- وەک هاوڵاتییەک ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، وەک خۆتت خۆشبوێت، چونکە ئێوەش لە خاکی میسر نامۆ بوون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
- 35
- «”ساختەکاری مەکەن، نە لە ئەندازەی پێوانە و نە لە کێش و نە لە بڕ،
- 36
- دەبێت تەرازووی ڕاست و کێشانەی ڕاست و ئێفەی[d] ڕاست و هەینی[e] ڕاستتان هەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان.
- 37
- «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم.“»
- a. 19:23 مەبەست لە خاکی بەڵێندراوە.
- b. 19:31 لێرە بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوو. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28:3،7،9.
- c. 19:31 بەو کەسە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکات. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28:3 و 8–9.
- d. 19:36 ئێفە پێوانەی وشک بوو.
- e. 19:36 هەین پێوانەی شلەمەنی بوو.