عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ڕێنمایی دەربارەی نەخۆشی پێست
- 1
- هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
- 2
- «ئەگەر کەسێک ئاوسانێک، یان لیرێک یان لەکەیەکی بریقەدار لەسەر پێستی لەشی هەبوو، کە گومانی نەخۆشی گواستراوەی پێستی[a] لێ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە دەهێنرێتە لای هارونی کاهین، یان یەکێک لە کوڕە کاهینەکانی.
- 3
- ئەگەر کاهینەکە پشکنی زامەکە لە پێستی لەشە و ئەو مووانەی لەناو زامەکەن سپین و زامەکە لە پێستی لەش قووڵترە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. کاتێک کاهینەکە پشکنی، بەپێی ڕێوڕەسم ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە.
- 4
- بەڵام ئەگەر لەکەیەکی بریقەداری سپی بوو لە پێستی لەش و لە پێست قووڵتر نەبوو و ئەو مووانەی لەناو لەکەکەن سپی نەببوون، ئەوا کاهینەکە کەسی تووشبوو حەوت ڕۆژ لە خەڵک جیا دەکاتەوە.
- 5
- ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی زامەکە وەک خۆیەتی و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژی دیکەش جیای دەکاتەوە.
- 6
- ئەگەر کاهینەکە دووبارە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینییەوە زامەکە کاڵ بووەتەوە و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، واتا ئەوە لیرە. ئەو کەسە جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت.
- 7
- بەڵام ئەگەر لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کرد لەدوای ئەوەی پیشانی کاهینەکە درا بۆ پاککردنەوەی، دەبێت دیسان پیشانی کاهینەکە بدرێتەوە.
- 8
- ئەگەر کاهینەکە پشکنی لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسە گڵاو بووە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە.
- 9
- «ئەگەر کەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوا دەهێنرێتە لای کاهین.
- 10
- ئەگەر کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی ئاوسانێکی سپی لە پێست هەیە و مووی سپی کردووە و لە شوێنی ئاوسانەکە گۆشتی ڕووت بە دەرەوەیە،
- 11
- ئەوا نەخۆشی پێستی درێژخایەنە لە پێستی لەشی، ئیتر کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، دوورەپەرێزی ناکات، چونکە گڵاوە.
- 12
- «بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە تەشەنەی کردبێت و هەموو پێستی داگرتبوو، لە سەرییەوە هەتا پێیەکانی، بەگوێرەی هەموو ئەوەی چاوی کاهینەکە دەیبینێت،
- 13
- کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی وا نەخۆشییەکە هەموو لەشی داگرتووە، ئەوا ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، لەو کاتەوە هەمووی سپی بووە، ئەوە پاکە.
- 14
- بەڵام هەر کاتێک گۆشتی ڕووتی تێدا بینی، ئەوا گڵاو دەبێت.
- 15
- کاتێک کاهینەکە گۆشتە ڕووتەکەی بینی، ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. گۆشتی ڕووت گڵاوە، ئەوا کەسەکە نەخۆشییەکی گواستراوەی هەیە.
- 16
- ئەگەر گۆشتە ڕووتەکە جارێکی دیکە سپی بووبێتەوە، ئەوا دێتەوە لای کاهینەکە.
- 17
- ئینجا کە کاهینەکە پشکنی وا شوێنە تووشبووەکە سپی بووە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، ئەوا کەسەکە پاکە.
- 18
- «ئەگەر کەسێک لە پێستەکەی دومەڵێک بووبێت و چاک بووبێتەوە،
- 19
- لە شوێنی دومەڵەکەش ئاوسانێکی سپی یان لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو هەبێت، ئەوا پیشانی کاهینەکە دەدرێت.
- 20
- ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە پێست قووڵترە و مووەکانی سپی بووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە کە لە دومەڵەکە بڵاوبووەتەوە.
- 21
- بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی مووی سپی تێدا نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە،
- 22
- بەڵام ئەگەر لە پێست تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە گواستراوەیە.
- 23
- بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و تەشەنەی نەکردووە، ئەوە شوێنەواری دومەڵەکەیە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.
- 24
- «ئەگەر کەسێک لە پێستیدا شوێنێکی سووتاوی بە ئاگر هەبێت، گۆشتە ڕووتەکەی شوێنە سووتاوەکە لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو یان سپی هەبێت،
- 25
- کاهینەکە پشکنی وا مووی لەکە بریقەدارەکە سپی بووە و لە پێست قووڵترە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە و لە شوێنە سووتاوەکە بڵاوبووەتەوە. کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە.
- 26
- بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە لەکە بریقەدارەکە مووی سپی نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە.
- 27
- کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم دەیبینێت، ئەگەر بە پێستدا تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە.
- 28
- بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و لە پێست تەشەنەی نەکردبێت و ڕەنگی ئاسایی بوو، ئەوا ئاوسانی سووتانەکەیە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، چونکە شوێنەواری سووتانەکەیە.
- 29
- «هەروەها ئەگەر ئافرەتێک یان پیاوێک زامێک لە سەری یان لە چەناگەی هەبێت،
- 30
- کاهینەکە زامەکەی پشکنی وا لە پێست قووڵترە و مووی زەردی وردی تێدایە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە کەچەڵییە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی سەر یان چەناگەیە.
- 31
- بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی تووشبوون بە کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە، بەڵام مووی ڕەشی تێدا نییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە.
- 32
- ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا تەشەنەی نەکردووە و مووی زەردی تێدا نییە و کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە،
- 33
- با بتاشرێت، بەڵام کەچەڵییەکە نا، کاهینەکەش حەوت ڕۆژی دیکە کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە.
- 34
- ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی نەکردووە و لە پێست قووڵتر نییە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە کەسی تووشبوو پاکە، جا جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت.
- 35
- بەڵام ئەگەر کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی کردبێت لەدوای ئەوەی ڕاگەیەنرا کە پاکە،
- 36
- کاهینەکەش پشکنی وا کەچەڵییەکە لە پێست تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە لەدوای مووی زەرد ناگەڕێت، ئەوە گڵاوە.
- 37
- بەڵام ئەگەر وەک خۆی مایەوە و مووی ڕەشی تێدا ڕوا، ئەوا کەچەڵییەکە چاک بووەتەوە، ئەوە پاکە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.
- 38
- «ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک لە پێستیدا لەکەی سپی هەبوو،
- 39
- کاهینەکەش پشکنی ئەوا لە پێستی لەشی لەکەی ڕەنگ ئاسایی سپی هەیە، ئەوە لیری بێ زیانە، لە پێستدا تەشەنەی کردووە، ئەوا کەسەکە پاکە.
- 40
- «ئەگەر کەسێک مووی سەری ڕووتایەوە، ئەوە کەچەڵە، ئەو پاکە.
- 41
- ئەگەر مووی سەری لەلای پێشەوە ڕووتایەوە، ئەوە سەر ڕووتاوە، ئەو پاکە.
- 42
- بەڵام ئەگەر لە کەچەڵییەکە یان ڕووتاوییەکە لەکەی سپی سوورباو هەبوو، ئەوا نەخۆشی گواستراوەیە و لە کەچەڵییەکەی یان ڕووتاوییەکەی تەشەنەی کردووە.
- 43
- ئەگەر کاهینەکە ئەوەی پشکنی و بینی وا ئاوساوی تووشبوونەکە سپی سوورباوە لە کەچەڵییەکەی یان لە ڕووتاوییەکەی وەک نەخۆشی گواستراوەی پێست،
- 44
- ئەوە کەسێکی نەخۆش و گڵاوە. کاهینەکەش ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، سەری تووش بووە.
- 45
- «ئەو کەسە تووش بووە، جلی دڕاو لەبەر دەکات و سەری دانەپۆشراو دەبێت و سمێڵی دادەپۆشێت و هاوار دەکات: ”گڵاو! گڵاو!“
- 46
- هەموو ئەو ڕۆژانەی نەخۆشییەکەی پێوەیە گڵاو دەبێت، گڵاوە و بە تەنها دەژیێت، دەرەوەی ئۆردوگا دەبێتە جێی مانەوەی.
- ڕێنمایی سەبارەت بە کەڕوولێدان
- 47
- «بەڵام ئەگەر جلوبەرگێک کەڕوو لێی دابوو، جلوبەرگی خوری یان کەتان،
- 48
- ئەوەی ڕستراو بێت یان چنراو، لە کەتان و لە خوری، یان لە چەرم[b] ، یان لە هەر دروستکراوێک لە چەرم،
- 49
- لێدانەکەش[c] سەوزباو یان سوورباو بوو، لە جلەکە یان لە چەرمەکە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە هەر شتێک لە چەرم بێت، ئەوە لێدانی کەڕووە، جا پیشانی کاهین دەدرێت.
- 50
- کاهینەکەش کەڕووەکە دەپشکنێت و لێدراوە تووشبووەکە حەوت ڕۆژ جیا دەکاتەوە.
- 51
- جا کە لە ڕۆژی حەوتەم لێدانەکەی پشکنی وا لە جلەکە بڵاوبووەتەوە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە چەرم، لە هەموو ئەوانەی لە چەرم دروستدەکرێت بۆ بەکارهێنان، ئەوا لێدانەکە کەڕووە و زیان بەخشە، گڵاوە.
- 52
- جا جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە لە خوری بێت یان کەتان یان لە هەر شتێکی چەرم دەیسووتێنێت، ئەوەی لێدانەکەی تێدایە، چونکە کەڕووی زیان بەخشە بە ئاگر دەسووتێنرێ.
- 53
- «بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی وا کەڕووەکە لە جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان شتە چەرمەکە بڵاونەبووەتەوە،
- 54
- ئەوا کاهینەکە فەرمان دەدات ئەوەی لێدانەکەی تێدایە بشۆن و حەوت ڕۆژی دیکە جیای دەکاتەوە.
- 55
- ئەگەر کاهینەکە دوای شوشتنی لێدانەکە پشکنی کەڕووەکە دیمەنی نەگۆڕاوە و بڵاونەبووەتەوە، ئەوا گڵاوە. دەبێت بە ئاگر بیسووتێنیت، جا لەناوەوەی بێت یان لە دەرەوەی.
- 56
- بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی شوێنی کەڕووەکە ڕەنگی ئاساییە پاش شوشتنی، ئەوا لە جلەکە یان چەرمەکە، ڕستراوەکە یان چنراوەکە دەیدڕێنێت.
- 57
- بەڵام ئەگەر لە جلەکە، لە ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان لە شتە چەرمەکە دەرکەوتەوە، ئەوا بڵاوبووەتەوە، ئەوەی کەڕووەکەی تێدایە بە ئاگر دەیسووتێنێت.
- 58
- بەڵام هەر جلێک، ڕستراو یان چنراو، یان شتێکی چەرم، ئەوەی دەیشۆیت و کەڕووەکەی تێدا نامێنێت، ئەوا دووبارە دەشۆردرێتەوە و پاک دەبێتەوە.»
- 59
- ئەوانە ڕێنماییەکان بوون دەربارەی کەڕوولێدان، لە جلی خوری یان لە کەتان، لە ڕستراو یان لە چنراو یان هەر شتێکی چەرم، بۆ ڕاگەیاندن کە پاکە یان گڵاوە.
- a. 13:2 نەخۆشی گواستراوەی پێست: لە زمانی عیبری بە واتای گەڕوگولی و چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست دێت.
- b. 13:48 چەرم: واتا پێستی خۆشکراو، شتومەکی لە چەرم دروستکراو.
- c. 13:49 بۆ ئەو شتانەی کە کەڕووی هەڵهێناوە، واتا پیس بوون.