عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- مردنی ناداب و ئەبیهو
- 1
- دوو کوڕی هارون، ناداب و ئەبیهو، هەریەکە و بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێدا کردەوە و بخووریان بەسەردا کرد. لەبەردەم یەزدان ئاگرێکی نامۆیان پێشکەش کرد، کە ئەو فەرمانی پێیان نەدابوو.
- 2
- ئیتر ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و ئەوانی هەڵلووشی و لەبەردەم یەزدان مردن.
- 3
- موساش بە هارونی گوت: «ئەمە بوو مەبەستی یەزدان کاتێک فەرمووی:
«”لەنێو ئەوانەی لێم نزیک دەبنەوە
پیرۆزی خۆم دەردەخەم و
لەبەردەم هەموو گەل
شکۆدار دەبم.“»
هارون بێدەنگ بوو. - 4
- موسا بانگی میشائیل و ئەلسافانی کرد، دوو کوڕەکەی عوزیێلی مامی هارون و پێی گوتن: «وەرنە پێش، ئامۆزاکانتان لەبەردەم پیرۆزگا هەڵبگرن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە.»
- 5
- ئەوانیش هاتنە پێش و بە کراسەکانیان هەڵیانگرتن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەروەک موسا گوتی.
- 6
- هەروەها موسا بە هارون و ئەلعازار و ئیتاماری کوڕەکانی هارونی گوت: «سەرتان ڕووت مەکەن و جلەکانتان مەدڕێنن، نەوەک بمرن و تووڕەیی یەزدان بێتە سەر هەموو کۆمەڵ. بەڵام کەسوکارتان، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بۆ ئەوانە بگریێنن کە یەزدان بە ئاگر لەناوی بردوون.
- 7
- لە دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دەرمەچن، نەوەک بمرن، چونکە زەیتی دەستنیشانکردنی یەزدان لەسەرتانە.» ئەوانیش بەگوێرەی قسەکەی موسایان کرد.
- 8
- هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو:
- 9
- «شەراب و مەی مەخۆرەوە، خۆت و کوڕەکانیشت، لە کاتی چوونە ژوورەوەتان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، نەوەک بمرن. ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە،
- 10
- بۆ ئەوەی بتوانن لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو و لەنێوان پاک و گڵاو جیاکاری بکەن،
- 11
- هەروەها بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل دەربارەی هەموو فەرزەکان فێر بکەن کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە لەگەڵیاندا دوا.»
- 12
- موساش بە هارونی برای و دوو کوڕەکەی هارون، ئەلعازار و ئیتامار کە مابوونەوە گوتی: «ئەو پێشکەشکراوە دانەوێڵەیەی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان ماوەتەوە، بیبەن و لەتەنیشت قوربانگاکە بەبێ هەویرترش بیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە.
- 13
- لە شوێنێکی پیرۆز بیخۆن، چونکە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانتە لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، چونکە من بەو شێوەیە فەرمانم داوە.
- 14
- بەڵام سنگی بەرزکراوە و ڕانی پێشکەشکراو لە شوێنێکی پاک دەخۆن، خۆت و کوڕەکانت و کچەکانت، چونکە کراون بە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانت لە قوربانییەکانی هاوبەشی نەوەی ئیسرائیل.
- 15
- ڕانی پێشکەشکراو و سنگی بەرزکراوە لەگەڵ پیوەکانی قوربانی بە ئاگر دەهێنن، هەتا لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز بکرێنەوە. ئەمانە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانت دەبن کە لەگەڵتدان، بەشێکی چەسپاوە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
- 16
- کاتێک موسا داوای گیسکەکەی قوربانی گوناهی کرد و بۆی دەرکەوت کە سووتێنراوە، لە ئەلعازار و ئیتامار کە دوو کوڕەکەی هارون بوون و مابوونەوە، تووڕە بوو و گوتی:
- 17
- «بۆچی قوربانییەکەی گوناهتان لە پیرۆزگادا نەخوارد؟ بێگومان کە هەرەپیرۆزە و پێتان دراوە بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵەکە هەڵبگرن بۆ کەفارەت بۆیان لەبەردەم یەزدان،
- 18
- لەو کاتەوە خوێنەکەی بۆ ژوورەوەی شوێنی پیرۆز نەهێنرا، بێگومان دەبووایە لە پیرۆزگا بیخۆن، هەروەک فەرمانم داوە.»
- 19
- هارون وەڵامی موسای دایەوە: «ئەوان ئەمڕۆ قوربانی گوناهە و قوربانی سووتاندنیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد و شتێکی وام تووش بوو. ئەگەر ئەمڕۆ من لە قوربانی گوناهم بخواردایە، ئایا لەبەرچاوی یەزدان ئەمە پەسەند دەبوو؟»
- 20
- کە موسا گوێی لەمە بوو، لەبەرچاوی پەسەند بوو.