عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات،
زێڕی بێگەرد گۆڕا!
بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە
لەسەر سووچی هەموو شەقامێک. - 2
- چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن،
ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران،
ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران،
دەستکردی دەستی گۆزەکەر! - 3
- تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان
بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن،
بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە
وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی. - 4
- لەبەر تینووێتی
شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا.
منداڵەکان داوای نان دەکەن،
بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت. - 5
- ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد
لە شەقامەکاندا وێران بوون،
ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران
لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە. - 6
- سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو
لە سزای گوناهەکەی سەدۆم،
ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو
بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت. - 7
- میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون،
لە شیر سپیتر بوون،
جەستەیان لە یاقووت[a] سوورتر بوو،
وەک یاقووتی شین[b] بوون. - 8
- بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە،
لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە.
پێستیان بە ئێسکیانەوە نووساوە
وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕاوە. - 9
- ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون
لەوانەی بە قاتوقڕی مردن.
ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت،
چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو. - 10
- دایکە میهرەبانەکان
بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا،
کردیان بە خۆراک
کاتێک گەلەکەم لەناوچوو. - 11
- یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت،
هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت.
ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد
بناغەکانی سووتاند. - 12
- پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان
باوەڕیان نەکرد
کە دوژمن و ناحەز
دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە. - 13
- بەڵام لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی[c] و
تاوانی کاهینەکانی ڕوویدا،
ئەوانەی لە ناوەڕاستیدا
خوێنی ڕاستودروستانیان دەڕشت. - 14
- بە شەقامەکاندا وێڵ بوون
وەک کوێر.
خۆیان بە خوێن گڵاوکرد،
کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات. - 15
- خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە!
دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!»
کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون،
لەناو گەلاندا گوتیان،
«جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.» - 16
- یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن،
ئیتر چاودێرییان ناکات.
خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت،
لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون. - 17
- سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو
بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی،
لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین
بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات. - 18
- تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە
بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین.
کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە،
چونکە کۆتاییمان هات. - 19
- ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون
لە هەڵۆکانی ئاسمان،
بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن،
لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە. - 20
- پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە،
لە بۆسەکانیان گیرا،
ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا
لەنێو گەلان دەژین. - 21
- ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە،
ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ.
بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت،
سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە. - 22
- ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت،
ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە.
بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات،
گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.
- a. 4:7 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.
- b. 4:7 یاقووتی شین: دەشێت وەک لاجیوەرد بێت.
- c. 4:13 مەبەستی لەوانەیە کە خۆیان وەک پێغەمبەر دەناساند و لە ڕاستیشدا پێغەمبەر نەبوون. بڕوانە یەرمیا 5:31؛ 6:13.