عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- چۆن پەروەردگار سییۆنی کچی داپۆشی
بە هەوری تووڕەییەکەی!
لە ئاسمانەوە شکۆی ئیسرائیلی فڕێدا
بۆ سەر زەوی،
لە ڕۆژی تووڕەییدا
تەختەپێی خۆی بەبیر نەهێنایەوە. - 2
- پەروەردگار بەزەیی نەهاتەوە،
هەموو نشینگەکانی یاقوبی هەڵلووشی،
بە تووڕەیی خۆی
قەڵاکانی یەهودای کچی ڕووخاند.
پاشایەتی و میرەکانی زەلیل کرد
دایگرتنە سەر زەوی. - 3
- بە گڕی تووڕەیی خۆی بڕییەوە
هەموو هێزی ئیسرائیل.
دەستی ڕاستی بەرەو دواوە کێشایەوە
لەبەردەم دوژمن.
ئاگرێکی بەتینی لەناو یاقوبدا داگیرساند،
هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات. - 4
- وەک دوژمنێک کەوانەکەی خۆی ڕاکێشا،
دەستی ڕاستی ئامادە کرد.
وەک ناحەز لەناوی برد
هەموو ئەوەی چاو ئارەزووی دەکرد.
لەناو چادرەکەی سییۆنی کچ
تووڕەیی خۆی وەک ئاگر ڕشت. - 5
- پەروەردگار وەک دوژمنی لێهات،
ئیسرائیلی هەڵلووشی.
هەموو کۆشکەکانی ئەوی هەڵلووشی،
قەڵاکانی ڕووخاند.
شیوەن و ماتەمی زۆر کرد
بۆ یەهودای کچ. - 6
- کەپرەکەی تێکدا، وەک باخچەیەک نەما،
شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕووخاند.
یەزدان وای کرد سییۆن لەبیری بچێتەوە
ڕۆژی شەممە و جەژنەکان.
بە تووڕەیی خۆی
پاشا و کاهینی ڕەتکردەوە. - 7
- پەروەردگار قوربانگاکەی خۆی ڕەتکردەوە،
وازی لە پیرۆزگاکەی خۆشی هێنا.
دیواری کۆشکەکانی
ڕادەستی دوژمنەکانی کرد.
لەناو ماڵی یەزدان دەنگیان هەڵبڕی
وەک لە ڕۆژی جەژندا. - 8
- شووراکانی سییۆنی کچ
یەزدان مەبەستی بوو بیڕووخێنێت.
بە گوریس پێوای و
دەستی لە وێرانکردنی نەگێڕایەوە.
سەنگەر و دیواری هێنایە گریان و
پێکەوە ڕووخان. - 9
- دەروازەکانی نوقومی زەوی بوون،
شمشیرەکانی[a] لەناوبرد و شکاندی.
پاشا و میرەکانی بۆ نێو گەلان ڕاپێچ کراون،
فێرکردنی موسا نەماوە،
هەروەها پێغەمبەرەکانیشی
هیچ بینینێکیان لەلایەن یەزدانەوە بۆ ئاشکرا نەکراوە. - 10
- پیرەکانی شاری سییۆن
بە کپی لەسەر زەوی دادەنیشن،
خۆڵ بەسەر سەریاندا دەکەن،
جلوبەرگی گوش[b] لەبەر دەکەن.
پاکیزەکانی ئۆرشەلیم
سەریان دادەنەوێنن. - 11
- چاوەکانم ماندووبوون لە فرمێسک ڕشتن،
دڵم توندە،
جەرگ بڕاوم
لەبەر ئەوەی گەلەکەم وێران بوو،
لەبەر بوورانەوەی منداڵان و شیرەخۆران
لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا. - 12
- بە دایکیان دەڵێن:
«کوا نان و ئاو[c] ؟»
کاتێک وەک بریندار
لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە،
کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت
لەناو باوەشی دایکیان. - 13
- چیت پێ بڵێم؟
ئەی ئۆرشەلیمی کچ،
بە چیت بچووێنم؟
بە چی بەراوردت بکەم،
بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە،
ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟
وێران بوونت وەک دەریا قووڵە.
کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟ - 14
- بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت
درۆ و فریودەر بوو،
تاوانی تۆیان دەرنەخست
بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن.
بەڵکو سروشی[d]
درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند. - 15
- هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت
بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات،
فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن
لەبەر ئۆرشەلیمی کچ،
دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە
کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و
مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟» - 16
- هەموو دوژمنەکانت
دەمیان لێت دەکرێتەوە،
فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە،
دەڵێن: «هەڵمانلووشی.
بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین،
پێی گەیشتین و بینیمان.» - 17
- یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی،
قسەی خۆی بەجێگەیاند،
ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا.
بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند،
دوژمنی پێت خۆشکرد،
هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد. - 18
- دڵی خەڵکەکە
بۆ پەروەردگار هاوار دەکات.
ئەی شووراکانی سییۆنی کچ،
با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت
بە شەو و بە ڕۆژ.
خۆت مەبووژێنەوە،
چاوەکانت پشوو نەدات. - 19
- هەستە، بە شەو هاوار بکە،
لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن.
وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە
لەبەردەم پەروەردگار.
دەستت بۆی بەرز بکەوە
لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت،
ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە
لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان. - 20
- «ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە،
ئەمەت بە کێ کردووە؟
ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات،
منداڵی باوەشی؟
ئایا کاهین و پێغەمبەر
لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟ - 21
- «گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن
لەسەر زەوی شەقامەکان،
پاکیزە و لاوەکانم
بە شمشێر کوژراون.
لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت،
ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی. - 22
- «هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن،
ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد.
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان
کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو،
ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن،
دوژمن لەناوی بردن.»
- a. 2:9 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.
- b. 2:10 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
- c. 2:12 عیبری: نان و شەراب، دەربڕینێکە مەبەستی لێی خۆراکە بۆ بژێوی مرۆڤ.
- d. 2:14 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.