عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- گوناهی عاخان
- 1
- بەڵام نەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە شتە تەرخانکراوەکان بۆ یەزدان[a] ناپاکییان کرد، عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح لە هۆزی یەهودا لە شتە تەرخانکراوەکانی برد، ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا.
- 2
- یەشوعیش چەند پیاوێکی لە ئەریحاوە بۆ عای نارد کە لەلای بێتئاڤنە لە ڕۆژهەڵاتی بێتئێل و پێی گوتن: «سەربکەون و سیخوڕی لەبارەی خاکەکەوە بکەن.» پیاوەکانیش سەرکەوتن و سیخوڕی عاییان کرد.
- 3
- کاتێک گەڕانەوە لای یەشوع و پێیان گوت: «با هەموو گەل سەرنەکەون، بەڵکو تەنها نزیکەی دوو هەزار یان سێ هەزار پیاو بەسەر عایدا بدەن، هەموو گەل شەکەت مەکە، چونکە ئەوان کەمن.»
- 4
- جا نزیکەی سێ هەزار کەس لە گەل بۆ ئەوێ سەرکەوتن، بەڵام لەبەردەم پیاوەکانی عای هەڵاتن،
- 5
- خەڵکی عای لێیاندان و نزیکەی سی و شەش پیاویان کوشتن و دوایان کەوتن. لەبەردەم دەروازەکەوە هەتا کانە بەردەکان، لە لێژاییەکە لێیان دان، گەل ڕەنگیان پەڕی.
- 6
- یەشوعیش جلەکانی دادڕی و لەبەردەم سندوقی یەزدان بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی و هەتا ئێوارە لەوێ مایەوە. هەروەها پیرانی نەوەی ئیسرائیل هەمان شتیان کرد و خۆڵیان بەسەر سەری خۆیاندا کرد.
- 7
- هەروەها یەشوع گوتی: «ئای یەزدانی باڵادەست، بۆچی ئەم گەلەت بە تەواوی لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، بۆ ئەوەی بماندەیتە دەست ئەمۆرییەکان و لەناومان ببەن؟ خۆزگە بەوەندە ڕازی دەبووین و لەوبەری ڕووباری ئوردون دەماینەوە.
- 8
- ئەی پەروەردگار، من چی بڵێم پاش ئەوەی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم دوژمنەکانیاندا بەزین؟
- 9
- جا کەنعانییەکان و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکە ئەمە دەبیستن و گەمارۆمان دەدەن و ناومان لەسەر ڕووی زەوی دەسڕنەوە، ئەی چی بۆ ناوی گەورەی خۆت دەکەیت؟»
- 10
- یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «هەستە، بۆچی ئاوا بەسەر ڕووتدا کەوتوویت؟
- 11
- نەوەی ئیسرائیل گوناهیان کرد و هەروەها پەیمانەکەی منیان شکاند کە فەرمانم پێکردبوون، هەندێک لە شتە تەرخانکراوەکانیان برد، دزییان کرد و درۆیان کرد و لەناو کەلوپەلەکانی خۆیاندا دایاننا.
- 12
- بۆیە نەوەی ئیسرائیل ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانیان ڕابوەستن، پشتیان تێ دەکەن و هەڵدێن، چونکە بەرپرسیار بوون لە قڕبوونی خۆیان. ئەگەر بێتو ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا بنبڕ نەکەن، ئەوا لەمەودوا لەگەڵتاندا نابم.
- 13
- «هەستە، گەل تەرخان بکە و پێیان بڵێ: ”خۆتان بۆ بەیانی تەرخان بکەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئیسرائیل، لەنێوتان کەسانێک هەن کە شتی تەرخانکراویان بردووە. لەبەر ئەوە ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانتان ڕابوەستن، هەتا ئەو شتانە لەنێو خۆتان دانەماڵن.
- 14
- «”بەیانی بە هۆزەکانتانەوە وەرنە پێش و ئەو هۆزەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە خێڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو خێڵەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە بنەماڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو بنەماڵەیەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە پیاوەکانییەوە یەک لەدوای یەک بێنە پێشەوە.
- 15
- ئەوەی بە شتە تەرخانکراوەکانەوە بگیردرێت، خۆی و هەرچی هەیەتی بە ئاگر دەسووتێنرێ، چونکە ئەو پەیمانی یەزدانی شکاندووە و کارێکی دزێوی لەناو ئیسرائیلدا ئەنجام داوە.“»
- 16
- بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی یەک یەک هێنایە پێش و هۆزی یەهودا هەڵبژێردرا[b] .
- 17
- خێڵەکانی یەهودای هێنایە پێش و خێڵی زەرەحییەکان هەڵبژێردرا. ئینجا خێڵی زەرەحییەکانی هێنایە پێش بە خێزانەکانیانەوە و زیمری هەڵبژێردرا.
- 18
- بەرەبابەکەی ئەویشی بە پیاوەکانییەوە هێنایە پێش و عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح هەڵبژێردرا کە سەر بە هۆزی یەهودایە.
- 19
- ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: «تکایە کوڕی خۆم، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل شکۆدار بکە و دانی پێدا بنێ. پێم بڵێ، چیت کردووە؟ لێمی مەشارەوە.»
- 20
- عاخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: «بەڕاستی من بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گوناهم کردووە و ئاوام کردووە،
- 21
- لەنێو تاڵانکردنەکەدا کەوایەکی بابلی گرانبەها و دوو سەد شاقل زیو[c] و قاڵبە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقل دەبوو، ئارەزووم کرد و بردم. ئەوەتا لەژێر زەوی لە ناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردومەتەوە و زیوەکەش لە ژێرەوەیە.»
- 22
- جا یەشوع چەند کەسێکی نارد و ڕایانکرد بۆ چادرەکە و بینییان ئەوەتا لەناو چادرەکەدا شاردراونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە.
- 23
- ئەوانیش شتەکانیان لە ناوەڕاست چادرەکە هەڵگرت و بۆ یەشوع و هەموو نەوەی ئیسرائیلیان هێنا و لەبەردەم یەزدان دایاننا.
- 24
- ئینجا یەشوع عاخانی کوڕی زەرەحی لەگەڵ زیوەکە و کەواکە و قاڵبە زێڕەکە و کوڕەکانی و کچەکانی و گا و گوێدرێژ و مەڕەکانی و چادرەکەی و هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوون، هەموو نەوەی ئیسرائیلیشی لەگەڵ بوو، بردیانن و سەریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر.
- 25
- ئینجا یەشوع گوتی: «چۆن لێت تێکداین، یەزدانیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێکبدات.»
ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل ئەویان بەردباران کرد و ئەوانەی دیکەیان بەردباران کرد و سووتاندیانن، - 26
- کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر عاخان کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لەوێیە. ئینجا جۆشی تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە، بۆیە ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە دۆڵی عاخۆر[d] ناودەبردرێت.
- a. 7:1 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان. لە کاتی شەڕدا دەستکەوتەکە دابەش ناکرێت و بەخشینەکە دەرئەنجامەکەی لەناوبردنی تەواوە.
- b. 7:16 هەڵبژێردرا: بە خواستی خودا بە تیروپشک هەڵبژێردرا.
- c. 7:21 دوو سەد شاقل زیو: نزیکەی 2,3 کیلۆگرام.
- d. 7:26 \+tl عاخۆر\+tl* وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان.