عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- دابەشکردنی خاکی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون
- 1
- لە خاکی کەنعان، نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بۆ بوو بە میرات، ئەوەی ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل بەسەریاندا دابەشکردن وەک میرات.
- 2
- میراتەکەیان بە تیروپشک بوو بۆ نۆ هۆزەکە و نیو هۆزەکە، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.
- 3
- موسا میراتی دوو هۆزەکە و نیو هۆزەکەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا دابوو، بەڵام لەناو ئەواندا هیچ میراتی بە لێڤییەکان نەدا،
- 4
- چونکە نەوەی یوسف دوو هۆز بوون، مەنەشە و ئەفرایم. لە خاکەکەدا هیچ بەشێکیان بە لێڤییەکان نەدا، تەنها چەند شارۆچکەیەک نەبێت بۆ نیشتەجێبوون و دەوروبەری شارۆچکەکان، بۆ لەوەڕگای ڕەشەوڵاخ و مەڕوماڵاتیان.
- 5
- هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و خاکەکەیان دابەش کرد.
- حەبرۆن بە کالێب دەدرێت
- 6
- ئینجا نەوەی یەهودا لە گلگالدا چوونە پێش بۆ لای یەشوع، کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی بە یەشوعی گوت: «تۆ ئەو قسەیە دەزانیت کە یەزدان لە قادێش بەرنێعدا لەبارەی من و تۆوە بە موسای پیاوی خودای فەرموو.
- 7
- لەو کاتەدا کە موسای بەندەی یەزدان منی لە قادێش بەرنێعەوە نارد بۆ ئەوەی سیخوڕیێتیی خاکەکە بکەم، تەمەنم چل ساڵ بوو، منیش گەڕامەوە و ئەو هەواڵەی لە دڵمدا بوو پێم ڕاگەیاند.
- 8
- هەرچەندە براکانم ئەوانەی لەگەڵ من بوون گەلیان ترساند، بەڵام من بە هەموو دڵمەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتم.
- 9
- جا موسا لەو ڕۆژە سوێندی خوارد: ”ئەو خاکەی تۆ پێت نایە سەری هەتاهەتایە دەبێتە میراتی خۆت و کوڕەکانت، چونکە بە هەموو دڵتەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتیت.“[a]
- 10
- «ئێستا تەماشا بکە، یەزدان هەروەک فەرمووی، ئەم چل و پێنج ساڵە منی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، لەو کاتەوە کە یەزدان بەم قسانە لەگەڵ موسادا دوا، کاتێک ئیسرائیل بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشت. ئێستاش ئەوەتا تەمەنم هەشتا و پێنج ساڵە!
- 11
- هێشتا هەتا ئەمڕۆش هێزم لەبەردا ماوە، هەروەک ئەو ڕۆژەی کە موسا منی نارد، ئەو کاتە هێزم چۆن بوو، ئێستاش هەمان هێزی چوونە ناو جەنگم هەیە.
- 12
- ئێستاش ئەم ناوچە شاخاوییانەم بدەرێ کە یەزدان لەو ڕۆژەدا بەڵێنی پێدام، چونکە تۆ لەو ڕۆژەدا بیستت کە عەناقییەکان لەوێن و شارەکانیان گەورە و قەڵابەند بوون. بەڵکو یەزدان یارمەتیم بدات، جا دەریاندەکەم، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
- 13
- یەشوعیش داوای بەرەکەتی بۆ کالێبی کوڕی یەفونە کرد و حەبرۆنی بە میرات پێدا.
- 14
- لەبەر ئەوە حەبرۆن بووە میراتی کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی هەتا ئەمڕۆش، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل کەوت.
- 15
- حەبرۆنیش پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو، ئەربەعیش گەورەترین پیاو بوو لەناو عەناقییەکان.
ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.
- a. 14:9 بڕوانە دواوتار 1:36.