عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- «ئێستا بانگ بکە، بزانە کێ وەڵامت دەداتەوە؟
ڕوو لە کام لە پیرۆزان دەکەیت؟ - 2
- قین گێل دەکوژێت و
بەغیلیش ساویلکە دەمرێنێت. - 3
- من گێلێکم بینی ڕەگی داکوتا،
بەڵام لەناکاو ماڵەکەی بە نەفرەت کرا: - 4
- با کوڕەکانی لە ئاسوودەیی بەدوور بن،
لە دادگا تێکبشکێنرێن و کەس فریایان نەکەوێت. - 5
- دروێنەکەیان کەسانی برسی دەیخۆن،
ئەگەر لەناو دڕکیش بێت هەر دەیبەن،
تینووش سامانەکەی هەڵدەقورتێنێت، - 6
- چونکە بەڵا لەناو خۆڵەوە دەرناچێت و
چەرمەسەریش لە زەوییەوە ناڕووێت. - 7
- بەڵام مرۆڤ بۆ چەرمەسەری لەدایک دەبێت،
وەک چۆن پریشکی ئاگر هەڵدەستێت. - 8
- «بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و
کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو. - 9
- ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و
کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن. - 10
- ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و
ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت. - 11
- ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە،
هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات. - 12
- ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە
بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت. - 13
- ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت،
ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت. - 14
- لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت،
لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو. - 15
- ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و
لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات. - 16
- جا زەلیل بە هیوا دەبێت و
ناڕەوا دەمی دادەخات. - 17
- «سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە،
لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بەتوانا ڕەت مەکەرەوە. - 18
- لەبەر ئەوەی ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات،
وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە. - 19
- لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و
لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت. - 20
- لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و
لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر. - 21
- لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت،
کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت. - 22
- بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و
لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت، - 23
- چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و
ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن. - 24
- جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و
سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە. - 25
- ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و
نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن. - 26
- لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە
وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا. - 27
- «ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە،
جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.»