عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- «ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟
یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟ - 2
- ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت
یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟ - 3
- چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و
بەچکەکانیان دەبێت. - 4
- بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛
دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان. - 5
- «کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و
مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟ - 6
- ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و
خوێڵێنم[a] کردە ژینگەی. - 7
- بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت،
گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت. - 8
- لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت،
بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک. - 9
- «ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات
یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟ - 10
- ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟
ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟ - 11
- ئایا پشتی پێ دەبەستیت، چونکە هێزەکەی مەزنە
یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟ - 12
- ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و
بۆ سەر جۆخینەکەت[b] کۆی بکاتەوە؟ - 13
- «بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات،
ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟ - 14
- وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و
خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت، - 15
- لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات و
ئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن. - 16
- لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛
گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات، - 17
- چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە،
لە تێگەیشتن بەشی نەداوە. - 18
- کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن،
بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت. - 19
- «ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت
یان ملی بە یاڵ[c] دادەپۆشیت؟ - 20
- ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و
دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟ - 21
- بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت،
بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت. - 22
- بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛
لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە. - 23
- تیردان شەقەشەقی بێت و
خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە. - 24
- بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات،
هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت. - 25
- لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“
لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات،
هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ. - 26
- «ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و
ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟ - 27
- یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و
هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟ - 28
- لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە،
هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی. - 29
- لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و
چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن. - 30
- بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن،
لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»
- a. 39:6 خاکێک کە خوێی زۆر بێت، سەرچاوەی بەدەستهێنانی خوێ بێت.
- b. 39:12 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.
- c. 39:19 مووی درێژ لەسەر ملی ئەسپ.