عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- «بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن
گاڵتەم پێ دەکەن،
ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان
لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم. - 2
- دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟
لەبەر ئەوەی سست بوون و لە کەڵک کەوتوون. - 3
- لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛
بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان،
کە وێران و کاول بوون. - 4
- ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا،
ڕەگی دار گەز[a] خۆراکیان بوو. - 5
- لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران،
هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن. - 6
- لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون،
لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان. - 7
- لەنێو دەوەنەکان زەڕین و
لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد. - 8
- نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون،
لە خاکەکە تێهەڵدراون. - 9
- «بەڵام ئێستا ئەو گەنجانە بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن؛
پەندم بەسەردا دەڵێن. - 10
- قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛
لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن. - 11
- خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە،
جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە، - 12
- لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم،
پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن. - 13
- ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن،
بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن،
کەس نییە پشتگیری من بکات. - 14
- ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن،
لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە. - 15
- نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا،
هەروەکو با ڕێزی منی برد،
ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی. - 16
- «بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،
کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە. - 17
- شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،
ئازارەکانم پشوو نادەن. - 18
- خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،
وەک یەخەی کراسەکەم، منی پێچایەوە. - 19
- فڕێیدامە ناو قوڕەوە،
ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت. - 20
- «ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛
ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە. - 21
- لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،
بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت. - 22
- دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛
فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە. - 23
- دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،
بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک. - 24
- «بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،
کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات. - 25
- ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟
ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟ - 26
- لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛
چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات. - 27
- هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،
ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن. - 28
- ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛
لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد. - 29
- بووم بە برای چەقەڵەکان و
هاوڕێی کوندەپەپووەکان. - 30
- پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،
لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت. - 31
- قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و
شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.
- a. 30:4 دارێکی گەڵا وردی لق باریکە، لقەکانی بۆ گسک بەکاردێت.