عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- «بۆچی خودای هەرە بەتوانا کاتەکانی دادگاییکردنی خراپەکاران دیاری ناکات؟
بۆچی خواناسەکان ئەو ڕۆژانە نابینن؟ - 2
- خراپەکاران سنوور دەگوازنەوە،
دەست بەسەر مێگەلێکدا دەگرن و دەیلەوەڕێنن. - 3
- گوێدرێژی هەتیوان دەدەنە پێش خۆیان و
گای بێوەژن وەک بارمتە دەبەن. - 4
- نەداران لەسەر ڕێگا دەردەکەن،
هەژارانی خاکەکە ناچار دەکەن خۆیان بشارنەوە. - 5
- هەژاران وەک کەرەکێوی لە چۆڵەوانی،
بۆ گەڕان بەدوای خواردندا دەچن،
دەشتودەریش نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات. - 6
- لە کێڵگە ئالیکی خۆیان دروێنە دەکەن،
لە ڕەزی خراپەکار هەڵدەگرنەوە. - 7
- بە ڕووتی بەبێ جل سەر دەنێنەوە،
هیچ بەرگێکیان نییە لە سەرمادا. - 8
- لەبەر نەبوونی پەناگا بە بارانی چیاکان تەڕ دەبن و
خۆیان بە تاشەبەردەوە دەگرن. - 9
- بەدکار هەتیو لە مەمکان دەڕفێنن،
منداڵی ساوای هەژار وەک بارمتە دەگرن. - 10
- نەدار بە ڕووتی دەڕۆن، بەبێ جل،
بە برسیێتی کۆڵەکان هەڵدەگرن. - 11
- لەنێو کەڵەکی زەوییەکان زەیت دەگوشن،
بە پێیان گوشەرەکان دەپەستن و تینوو دەبن. - 12
- ئەوانەی لەناو شار لەناودەچن دەناڵێنن،
گیانی برینداران بۆ فریاکەوتن هاوار دەکەن،
بەڵام خودا هیچ کەس بە خراپەکاری تاوانبار ناکات. - 13
- «ئەوانە کە لە ڕووناکی یاخین،
نە ڕێگاکانی دەزانن و
نە لە ڕێڕەوەکانی دەمێننەوە. - 14
- بکوژ لەگەڵ ڕووناکی هەڵدەستێت و
هەژار و نەدار دەکوژێت؛
بە شەویش بۆ دزی دەچێت. - 15
- چاوی داوێنپیسیش تێبینی تاریکوڕوونی دەکات؛
دەڵێت: ”هیچ چاوێک چاودێریم ناکات،“
ڕووپۆشێک لەسەر ڕووی دادەنێت. - 16
- لە تاریکیدا ماڵ دەبڕن،
لە ڕۆژیشدا دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن؛
ڕووناکی ناناسن. - 17
- تاریکی شەو بەیانییە لەلای ئەوان،
هاوڕێی تۆقێنەرەکانی تاریکین. - 18
- «لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە کەفن لەسەر ڕووی ئاوەکان؛
بەشیان لە زەوی نەفرەت لێکراوە،
لەبەر ئەوە کەس ناچێتە ڕەزەکان. - 19
- وەک چۆن وشکەساڵی و گەرما ئاوی بەفر دەبات،
جیهانی مردووانیش گوناهباران دەڕفێنێت. - 20
- سکی دایک لەبیریان دەکات و
کرم تامی دەمی پێیان خۆش دەکات؛
ئیتر یادی خراپەکار ناکرێتەوە و
وەک دار دەشکێت. - 21
- لەگەڵ نەزۆک کە منداڵی نەبووە بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن،
هیچ چاکەیەک لەگەڵ بێوەژن ناکەن. - 22
- بەڵام خودا بە هێزی خۆی پاڵەوانان دەگرێت؛
هەرچەندە هەڵدەستن بەڵام کەسیان لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت. - 23
- دەشێت بیانهێڵێت بە ئاسوودەیی بژین،
بەڵام چاوی لەسەر ڕێگاکانیانە. - 24
- کەمێک پایەدار دەبن و ئیتر نامێنن؛
نزم دەبن و وەک هەمووان کۆدەکرێنەوە،
وەک سەری گوڵەگەنم دەبڕێنەوە. - 25
- «ئەگەر وا نییە، کێ بە درۆم دەخاتەوە و
قسەکانم وەک هیچ لێ دەکات؟»