عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ڕۆحم شکا،
ڕۆژگارم کوژایەوە،
گۆڕ چاوەڕێی منە. - 2
- بێگومان گاڵتەجاڕان لە دەورمدان و
ناچار تەماشای کێشمەکێشیان بکەم. - 3
- «تکایە لەلای خۆت ببە پشتگیرم،
بێجگە لە تۆ کێ هەیە ببێتە کەفیلم؟ - 4
- تێگەیشتنت لە مێشکیان شاردووەتەوە،
لەبەر ئەوە بەرزیان ناکەیتەوە. - 5
- ئەوەی لە پێناوی پارە پەنجەی تاوان بۆ هاوڕێیەکانی ڕادەکێشێت،
نەبوونی چاوی منداڵەکانی دەپوکێنێتەوە. - 6
- «منی کردە پەندی گەلان و
بووم بەوەی تف لە ڕووم بکرێت. - 7
- چاوەکانم لەبەر خەم کز بوون،
هەموو ئەندامەکانم زۆر لاواز بوون. - 8
- ئەوانەی ڕاستن بەمە سەرسام دەبن و
بێتاوان بەسەر خوانەناسدا ڕادەپەڕێت. - 9
- کەسی ڕاستودروست ڕێگای خۆی دەگرێت و
ئەوەی دەست پاکە هێزی بۆ زیاد دەکرێت. - 10
- «ئێستا وەرنەوە، دووبارە هەوڵ بدەن،
بەڵام من هیچ دانایەکتان تێدا نادۆزمەوە. - 11
- ڕۆژگارم بەسەرچوو، مەبەستەکانم هەڵکەنران.
لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووەکانی دڵم - 12
- شەو دەکەن بە ڕۆژ،
لە تاریکیدا ڕووناکی بە نزیک دەبینن. - 13
- ئەگەر هیوا بخوازم جیهانی مردووان ببێت بە ماڵم و
لە تاریکیدا نوێنەکەم ڕابخەم، - 14
- ئەگەر بە گۆڕم گوت: ”تۆ باوکی منیت،“
بە کرمیش: ”تۆ دایکی منیت“ یان ”خوشکی منیت،“ - 15
- ئیتر ئومێدم کوا؟
کێ تەماشای ئومێدم دەکات؟ - 16
- ئایا بەرەو قووڵایی جیهانی مردووان دەچێتە خوارەوە؟
ئایا پێکەوە لەناو خۆڵ شۆڕدەبینەوە؟»