عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- «چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە،
گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم. - 2
- وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛
من لە ئێوە کەمتر نیم. - 3
- بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم،
دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم. - 4
- بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن. - 5
- خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون!
ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی. - 6
- ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و
بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن. - 7
- ئایا بە درۆ بەرگری لە خودا دەکەن؟
ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟ - 8
- ئایا لایەنگری دەکەن،
یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟ - 9
- ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن
یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟ - 10
- بێگومان سەرزەنشتتان دەکات
ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن. - 11
- ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و
ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟ - 12
- یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و
بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ. - 13
- «لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و
ئەوەی بەسەرم دێت با بێت! - 14
- بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم،
ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟ - 15
- ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم،
لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم. - 16
- هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە،
کە خوانەناس نایەتە بەردەمی. - 17
- بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و
ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت. - 18
- ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو،
دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم. - 19
- کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات،
تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟ - 20
- «ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە،
ئیتر لەبەردەمت ون نابم. - 21
- دەستت لێم دووربخەوە و
با سامی تۆ نەمترسێنێت. - 22
- ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە،
یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە. - 23
- چەند تاوان و گوناهم هەیە؟
یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە. - 24
- بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و
بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟ - 25
- ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟
ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟ - 26
- تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و
لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت. - 27
- جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و
چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و
شوێن پێیەکانم دەپشکنیت. - 28
- «وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم،
وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.