عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چاککردنەوەی نەخۆشێک لەلای حەوزی بێت‌حەسدا 
1
پاش ماوەیەک لە کاتی جەژنێکی جولەکەدا، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم.
2
لە ئۆرشەلیم لەلای دەروازەی مەڕ حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێت‌حەسدا، بە دەوریدا پێنج ڕێڕەوی سەر داپۆشراو هەبوو کە هەردوو لایان بە کۆڵەکە گیرابوون.
3
لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، {چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون،
4
چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان دادەبەزی بۆ ناو حەوزەکە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.}
5
کابرایەک لەوێ بوو کە سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو.
6
کاتێک عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی زۆرە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟»
7
نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت، کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکەوە. هەروەها کاتێکیش هەوڵ دەدەم بڕۆم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.»
8
عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!»
9
دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت.
ئەو ڕۆژەش شەممە بوو،
10
لەبەر ئەوە ڕابەرانی جولەکە بە کابرای چاکبووەوەیان گوت: «شەممەیە و دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت.»
11
کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: ”نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ.“»
12
لێیان پرسی: «ئەو پیاوە کێیە کە پێی گوتی: ”هەڵیبگرە و بڕۆ“؟»
13
بەڵام کابرای چاک بووەوە نەیدەزانی کێیە، چونکە عیسا لەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون بە نهێنی دوور کەوتەوە.
14
دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.»
15
کابراش چوو و بە ڕابەرانی جولەکەی گوت کە عیسا بووە چاکیکردووەتەوە.
دەسەڵاتی مەسیح 
16
لەبەر ئەوەی کە عیسا ئەم کارانەی لە ڕۆژی شەممەدا دەکرد، ڕابەرانی جولەکە دەستیان کرد بە چەوساندنەوەی.
17
بەڵام عیسا لە بەرامبەردا فەرمووی: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم.»
18
لەبەر ئەم هۆیە جولەکەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند[a] ، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکیەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد.
19
لەبەر ئەوە عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کوڕەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات ئەوە نەبێت کە دەیبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، کوڕەکەش دەیکات.
20
باوک کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو ئەوەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاکو سەرسام بن.
21
وەک چۆن باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، کوڕەکەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە.
22
هەروەها باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە دەست کوڕەکە،
23
تاکو هەموو ڕێزی کوڕەکە بگرن وەک چۆن ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی کوڕەکە نەگرێ، ڕێزی باوکیش ناگرێ کە ناردوویەتی.
لە مردنەوە بەرەو ژیان 
24
«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە.
25
ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە،
26
چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت.[b]
27
دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە.
28
«لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و
29
دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن.
30
لە خۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم. وەک دەبیستم حوکم دەدەم، حوکمدانەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە داوای خواستی خۆم ناکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.
شایەتی باوک بۆ کوڕی خۆی 
31
«ئەگەر خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم شایەتییەکەم ڕاست نییە.
32
یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، منیش دەزانم ئەو شایەتییەی بۆ منی دەدات ڕاستە.
33
«نێردراوتان ناردە لای یەحیا، ئەویش شایەتی بۆ ڕاستی دا.
34
من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم تاکو ئێوە ڕزگاربن.
35
ئەو چرایەکی هەڵگیرساو و بریسکەدار بوو، دەتانویست ماوەیەک بە ڕووناکییەکەی دڵخۆش بن.
36
«بەڵام من شایەتییەکم هەیە لەوەی یەحیا گرنگترە، چونکە ئەو کارانەی باوکم پێیداوم تەواوی بکەم، ئەم کارانە خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن کە باوکم منی ناردووە.
37
باوکیشم کە ناردوومی، خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە و ڕواڵەتیتان نەبینیوە،
38
فەرمایشتەکەشی لە دڵی ئێوەدا نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی ئەو ناردوویەتی ئێوە باوەڕی پێ ناکەن.
39
نووسراوە پیرۆزەکان[c] دەپشکنن، چونکە وا دەزانن ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێوە تێدایە. ئەم نووسراوانەش شایەتیم بۆ دەدەن،
40
بەڵام ناتانەوێ بێنە لام تاکو ژیانتان هەبێت.
41
«من شکۆ لە خەڵک وەرناگرم.
42
بەڵام ئێوەم ناسی کە خۆشەویستی خوداتان لە دڵدا نییە.
43
بە ناوی باوکمەوە هاتووم، پێشوازیم لێ ناکەن، بەڵام ئەگەر یەکێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە بێت، پێشوازی لێدەکەن.
44
چۆن دەتوانن باوەڕ بهێنن ئەگەر شکۆمەندی لە یەکتری وەربگرن و داوای ئەو شکۆمەندییە نەکەن کە لە تاکە خوداوەیە؟
45
«وا مەزانن من لەلای باوک سکاڵاتان لێ دەکەم. یەکێک هەیە سکاڵاتان لێ بکات، کە موسایە، ئەوەی هیواتان پێیەتی.
46
ئەگەر باوەڕتان بە موسا بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی.
47
ئەگەر باوەڕیش بە نووسراوی ئەو نەکەن، چۆن باوەڕ بە وتەکانی من دەکەن؟»
  1. a. 5‏:18 یەکێک لە ڕاسپاردە گرنگەکانی جولەکە ئەوەیە کە لە ڕۆژی شەممە کردنی هەموو کارێک قەدەغەیە.‏
  2. b. 5‏:26 ژیانی لە خۆیدا هەیە: خۆی سەرچاوەی ژیانی خۆیەتی.‏
  3. c. 5‏:39 پەیمانی کۆن.‏