عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- «ئەم شتانەم پێ گوتن، تاکو بێ ئومێد نەبن.
- 2
- لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وا دەزانێت خزمەتی خودا دەکات.
- 3
- ئەمانەش دەکەن، چونکە نە باوکیان ناسیوە و نە من.
- 4
- بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم.
- 5
- «ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی و کەستان لێم ناپرسێت: ”بۆ کوێ دەچیت؟“
- 6
- کەچی دڵگرانن بەوەی کە ئەمەم پێ گوتن.
- 7
- بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان[a] بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم.
- 8
- کاتێک ئەو دێت، دەیسەلمێنێت کە جیهان بە هەڵە تێگەیشتوون لە گوناه و ڕاستودروستی و حوکمدان:
- 9
- لەسەر گوناه، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن؛
- 10
- لەسەر ڕاستودروستی[b] ، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛
- 11
- لەسەر حوکمدانیش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە حوکم دراوە.
- 12
- «هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن.
- 13
- بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات.
- 14
- ئەو شکۆدارم دەکات، چونکە ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت[c] کە لە منەوە وەریدەگرێت.
- 15
- هەموو ئەوەی کە هی باوکە، هی منیشە. لەبەر ئەوە گوتم، ڕۆحی پیرۆز لە هی من وەردەگرێت و پێتانی ڕادەگەیەنێت.
- 16
- «پاش کەمێک نامبینن، ئینجا پاش کەمێک دیسان دەمبینن.»
- هاتنی خۆشی دوای ناخۆشی
- 17
- هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێ: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“ و ”چونکە دەچمە لای باوک“؟»
- 18
- گوتیان: «ئەم ”کەم“ـەیە چییە کە باسی دەکات؟ نازانین چی دەفەرموێ!»
- 19
- عیسا زانی کە دەیانویست پرسیاری لێ بکەن، بۆیە پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“؟
- 20
- ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێ. خەمبار دەبن، بەڵام خەمباریەکەتان دەبێتە شادی.
- 21
- کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت، چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات.
- 22
- ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ.
- 23
- لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ.
- 24
- هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان کامڵ و تەواو بێت.
- 25
- «ئەم شتانەم بە پەند بۆ باسکردن، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە پەند بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم.
- 26
- لەو ڕۆژەدا بە ناوی منەوە داوا دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم،
- 27
- چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم.
- 28
- لە لای باوکەوە هاتووم بۆ جیهان، ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک.»
- 29
- قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ پەند قسە دەکەیت.
- 30
- ئێستا دڵنیاین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت و پێویستت بەوە نییە کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت.»
- 31
- عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟
- 32
- وا کاتێک دێت و ئێستاش هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمدایە.
- 33
- «ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»
- a. 16:7 مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆزە.
- b. 16:10 بێتاوانکردنی گوناهبارێک بە خاچی مەسیح. بڕوانە ڕۆما 3:21-26.
- c. 16:14 ڕۆحی پیرۆز لە وشەی مەسیح وەردەگرێت و بە قوتابییەکان ڕادەگەیەنێت.